به‌یانی ئه‌مڕۆ هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی كورد له‌ سێداره‌ درا

سزای سێدارەی هاوڵاتییەکی تری كوردی خه‌ڵكی دێولان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ پێنج شەممە، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی تەمەن 26 ساڵی خەڵکی دێولان بە ناوی ”سینا محەمەدی“ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.
له‌ باره‌ی له‌ سێداره‌دانی ناوبراوه‌وه‌ یەکێك لە نزیکانی ڕاگەیاند : سینا لە کاتێك تووشێ تاوان بووە تەمەنی 19ساڵ بووە و هاوڕێێەکی خۆی کوشتووە. بە وتەی ناوبراو، سینا سەرەتا حوکمی ١٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە حوکمەکەی گۆڕدراوە و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

سینا محەمەدی لە تەمەنی 26 ساڵان لەسیدارە دراوە و ماوەی 7 ساڵ بوو کە لە بەندیخانەی شاری سنە ڕاگیرابوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش چالاکانی مه‌ده‌نی بە مەبەستی ڕێگری کردن لە جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی سینا، لە بەر دەرگای بەندیخانەی شاری سنە کۆ ببوونەوە. یەکێك لەو چالاکانە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووه‌ کە، دوای ئەوەی باوكك و دایکی کوژراوەکە چوونەتە ناو بەندیخانە، هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خەڵکەکە تووشی تێکهەڵچوون بوون و بڵاوەیان پێێان کردووە.

Back to top button