پێنج فراكسیۆنە كوردییەكەی پەرلەمانی عێراق وەڵامی مالیكی دەدەنەوە

دوای ئەوەی نوری مالیكی و بەر پرسانی عێراق داوای كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان كرد, پێنج فراكسیۆنە كوردییەكە دژ بە لێدوانەكانی مالیكی هاتنە دەنگ‌و دەڵێن:”پێشمەرگە ناوچە كوردستانییەكانی بەخوێن لەدەست چەكدارانی داعش رزگار كردووە و مالیكی بۆی نییە ئەمجۆرە قسانە بكات.”

پارتی: مالیكی ناوچەكانی تەسلیم بەداعش كرد وئازادمانكرد

شاخەوان عەبدولڵا پەرلەمانتاری پارتی لەبارەی قسەكانی مالیكی دەڵێت:” ئێمە ناوچە كوردستانییەكانمان لە مالیكی وەرنەگرتووە تاوەكو رادەستی ئەوی بكەینەوە. مالیكی ناوچە كوردستانییەكانی تەسلیم بە داعش كرد و ئێمە بەخوێن ئازادمان كرد و بەدەستمان هێنایەوە.”

شاخەوان عەبدولڵا گوتیشی: “نوری مالیكی بەهیچ جۆرێك بۆی نییە داواكاری ئەوە لە كورد بكات هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردییەكانی سنووری ماددەی 140 بكشێنێتەوە.”

یەكێتی: عەرەب و توركمانەكان متمانەیان بە پێشمەرگە داوە
لایخۆشەوە پەرلەمانتارێكی یەكێتی دەڵێت:” مەحالە پێشمەرگە لە كەركوك‌و مەخمور‌و شوێنەكانی دیكە بكشێتەوە, سەبارەت بە ناوچەی موسڵ دیارە كاك مەسعود رێككەوتنی لەگەڵ عەبادی هەیە بۆ كشانەوەو مانەوەی هێزی پێشمەرگە.

رێبوار تەها گوتیشی: ” هێزی پێشمەرگە بە قسەی مالیكی و ئەوانە ناكشێتەوە, چونكە ئەمە جگە لەوەی ناوچەی كوردستانین ئەوا جگە لەكورد كە توركمان و عەرەب-یش متمانەیان بە هێزەی پێشمەرگە داوە.”

گۆڕان: مالیكی بۆی نیە قسەبكات
شیرین رەزا, لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت:” ئەوان كەی موسڵیان ئازادكرد و چارەسەری بەغدادیانكرد كە لێیان هەڵساونەتەوە، كەی كۆتایی بە داعش هات ئەوكات بۆ جێبەجێ ماددەی 140ی دەستووری عێراق ئیتفاق دەكەین ئەو شوێنانەی پێشمەرگە بە خوێنی ئازادی كردوون دەستبەرداری نابین”

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان گوتیشی:”مالیكی بۆی نییە ئەوجۆرە قسانە بكات. چونكە ئەو سەرۆكوەزیران نییە و هەرچەند جێگری سەرۆككۆمارە، بەڵام خۆی و جێگرەكەیشی دەستبەكار نین، بۆیە بۆی نییە قسە بكات.”

یەكگرتوو: بەكرێگرتەی مالیكی نین و كشانەوەی پێشمەرگە خەونە
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (موسەنا ئەمین) رایگەیاند:”بێگومان كارێكی هەلەیە ئەگەر پیشمەرگە لەو ناوچە سنوریانە بكشێتەوە چونكە ئەوە خەون ئاواتی ئەوانەیە كە وەها داخویانیەك دەدەن”
ئەمین گوتیشی:” پێویستە سیاسیە كوردەكان پرسی ماددەی 140 چارەسەر بكەن, پێشمەرگە خوێنی بەخشیوە و نابێت جارێكی دیكە بۆ خاڵی سفر بگەڕێتەوە.”
لەبەشێكی دیكەی قسەكانید دەڵێت”ئێمە بەكرێگرتە نین لەلای مالیكی كە خوێن ببەخشین و كەی ویستی بگەڕێینەوە. پێویستە هیچ لایەك زمانی هەڕەشە بەكار نەهێنێت و كێشەكان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكەین.”

 

كۆمەڵ: 11 هەزار شەهید و بریندارمانداوە

سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵیش لە بارەی لێدوانەكەی مالیكی دەڵێت: ” ئەو ناوچە سنوریانە تەسلێم بە هیچ كەسێك ناكرێت‌و پێشمەرگە ناكشێتەوە مەگەر بە خوێن چونكە ئەو ناوچانەمان بە خوێنی 11 هەزار شەهید و بریندار ئازادكردوون و خوێنمان لەم پێناوەداوە تاوەكو ئەو ناوچانەی سنووری هەرێمی كردستانن لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگاریان بكەین”

مامۆستا شوشكەیی دەشڵێت: “ئەگەر مالیكی یان دەوڵەتی یاسا بیەوێت ئەو كەیسە بەزۆرداری لەگەڵ كوردستان یەكلایی بكاتەوە ئەمە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە, بۆیە دەبێت ئەو كێشانە لە رێگای دادگای ئیتحادی یەكلایی بكرێنەوە. چونكە ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان بابەتێكی یاسایی و دەستووریە و پێویستیشە دادگای ئیتحادی بێتە سەرهێل.”

 

 

Back to top button