فراکسیۆنی پارتی داوای پێشکەشکردنی خزمەتی باشتر بە قەڵادزێ دەکات

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکلەبارەی ساڵوەگەڕی بۆردومانکردنی قەڵادزێ دەردەکات و داوای خزمەتی باشتر بۆ ئەو شارە دەکات.

دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی:

لە 46ـەم ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ، فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات ئاوڕی زیاتر لەو شارە بدرێتەوە .

لە 24/4/1974، رژێمی بەعس بە چەکی ناپاڵم شاری قەڵادزێی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 160 هاووڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە 200 کەس بریندار بوون .

کارەساتی بۆردومانکردنی قەڵادزێ هێندە جەرگبڕ بوو بۆ گەلی کوردستان لەو کاتەدا، بارزانی نەمر ئەو رۆژەی بە رۆژی ماتەمی نەتەوەیی کورد ناوبرد.

رژێمی بەعس ئه‌و رۆژه‌ ڕق و قینى خۆى به‌سه‌ر قه‌ڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا رشت، بەو ئومێدەی ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ سەربەرزی لەناوببات، بەڵام گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول خۆڕاگرتر لە جاران، بەرامبەر رژێمی بەعس وەستانەوە .

لەو یادەدا، ئاوەدانکردنەوە و سڕینەوەی کاریگەری و شوێنەوارە نەرێنییەکانی دەیان ساڵەی سیاسەتی وێرانکردن و بە سووتماککردنی کوردستان لەسەر دەستی ڕژێمە ستەمکارەکانی عێراق بە تایبەت لە قەڵادزێ، بە پێویست دەزانین و داواكارین ئەو دەڤەرە پاڵپشتی و خزمەتی باشتری پێشكەش بكرێت و زیاتر ئاوەدان بکرێتەوە .

جێی خۆیەتی بەبیر هەمووانی بێنینەوە، کە فراکسیۆنی پارتی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیەکی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ دیاریکردنی 24ـی نیسان وەک رۆژی شەهیدانی زانکۆ و دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان پرۆژەکەی پەسەند کرد و حکوومەتیش بڕیاری ناساندنی ئەو رۆژەی به رۆژی شەهیدانی زانکۆ دا .

له‌م یاده‌دا، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بۆمبارانی ساڵی 1974 و ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی ساڵی 1982ـی قەڵادزێی خۆڕاگر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان .

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان

24/4/2020

Back to top button