پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

لە یادی ٤٦ ساڵەی کارەساتە دڵتەزێنەکەی شاری قەڵادزێ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، لەو پەیامەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی دەنووسێت ئەو رووداوە كارەسات و برینێكی دیكەی قووڵ بوو لە كاروانی خەباتی گەلەكەمان و، ستەم و زوڵمێکی لەیادنەکراویشە بەرامبەر خەڵكی سڤیل و بێـتاوانی گەلەكەمان، بۆیە وێرای ریسواكردن و شەرمەزاركردنی ئەو پەلامار و بۆردومانكردنەی شاڕی قەڵادزێ، هیوادارین بۆ لەمەودوا گەلەكەمان لە هەر كارەسات و دەردەردەسەریەك بەدوور بێ و ئەو یادەش بێـتە هەوێنی یەکڕێزی و زیاتر سووربوون لەسەر داواكردنی مافە رەواكانمان و گەیشتن بە ئامانجەكانمان.

دەقی پەیامەکە

لە یادی كارەساتە دڵتەزێنەكەی شاری قەڵادزێ

بەر لە (٤٦)ساڵا و لە ٢٤ـی٤ـی ١٩٧٤ شاری قەڵادزێی خۆراگر كەوتە بەر پەلامارێكی دڕندانەی رژێمی بەعس بە چەكی قودەغەکراوی ناپاڵم، كە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی سڤیل و قوتابیانی زانكۆی سلێمانی کە تاکە زانکۆی کوردستان بوو، هەروەها زیانێكی زۆری ماددیشی بە موڵك و ماڵی هاووڵاتیان گەیاند.

ئەو رووداوە كارەسات و برینێكی دیكەی قووڵ بوو لە كاروانی خەباتی گەلەكەمان و، ستەم و زوڵمێکی لەیادنەکراویشە بەرامبەر خەڵكی سڤیل و بێـتاوانی گەلەكەمان، بۆیە وێرای ریسواكردن و شەرمەزاركردنی ئەو پەلامار و بۆردومانكردنەی شاڕی قەڵادزێ، هیوادارین بۆ لەمەودوا گەلەكەمان لە هەر كارەسات و دەردەردەسەریەك بەدوور بێ و ئەو یادەش بێـتە هەوێنی یەکڕێزی و زیاتر سووربوون لەسەر داواكردنی مافە رەواكانمان و گەیشتن بە ئامانجەكانمان.

لە ساڵیادی ئەم كارەساتە دڵـتەزێنەدا، سڵاو لە شاری قەڵادزێی سیمبولی خۆڕاگری و ئیڕادەی بەرزی کوردایەتی و، گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی بوونە قوربانی ئەو تاوانەو سەرجەم شەهیدانی رێگای سەروەری و سەرفرازی گەلەكەمان..

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

Back to top button