عه‌ره‌به‌كانی موسڵ وه‌ڵامی مالكی ده‌ده‌نه‌وه‌

خواكوڕك

له‌ چوارچێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی مالكی له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، عەرەبەكانی مووسڵ ده‌ڵێن، “بەهۆی لەدەستدانی پێگەی جەماوەریتەوە عەقڵیشت لەدەست داوە ئەگینا چۆن قسە بە پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەڵێیت.”

دوێنی چوارشه‌ممه‌ هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی موسڵ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی مالكی رایده‌گه‌ینن، “لە ساڵی 2014دا و لە مانگی 8دا كاتێك نوری مالیكی مووسڵی تەسلیمی تیرۆریستانی داعش كرد. هیچ جیاوازییەكی لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكاندا نەكرد، بۆیە ئێمەش بە هەموو شێوەیەك لێدوانەكانی ئەو ڕەت دەكەینەوە و بڕیارمان داوە چارەنووسمان لەگەڵ چارەنووسی كوردستان دەبێت”.

هه‌روه‌ها له‌راگه‌یاندراوه‌ كه‌ شێخ مزاحم ئەلحویت واژۆی له‌سه‌ر كردووه‌ هاتووه‌، “لە مالكی و هاوشێوەكانی قبووڵ ناكەین هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، چونكە ئەوان بوون ئێمەیان پاراست و داڵدەیان داین و ماڵەكانی خۆیانیان بۆ كردینەوە”.

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە کراوە “داوا لە حكوومەتی عێراقی دەكەن كە لێپرسینەوە لە نووری مالكی بكات سەرباری پۆستەكەی ڕادەستی یاسای بكات هەروەك چۆن سەدام حوسێنی ڕادەستی یاسا كرد و بە سزای خۆی گەیاند، ئێمەش وەك عەشایرە عەرەبەكانی مووسڵ و دەشتی نەینەوا بە هەموو جۆرێك دژایەتی هەر هەوڵێك دەكەین كە باس لە ناوچە ئازادكراوەكانی مووسڵ بكات كە پێشمەرگەی كوردستان خوێنی بۆ ڕشتووە و ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە هەروەك ڕووبەڕووی داعش بووینەتەوە.”

له‌ ئێستادا نوری مالكی به‌سه‌ردانێك له‌ وڵاتی ئێرانه‌ و میدیاكانی نزیك له‌ حزبه‌كه‌شی بڵاویان كردۆته‌وه‌، مالكی له‌سه‌ردانه‌كه‌ی چاوی به عه‌لی خامنه‌یی‌ ڕابه‌ری شۆرشی ئیسلامی و چه‌ند گه‌وره‌ به‌رپیسێكی سیاسی و عه‌سكه‌ری كه‌وتووه‌.

هه‌روه‌ها باسیان له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا پرسی چوونی حه‌شدی شه‌عبی بۆ نێو خاكی سوریا بابه‌تێكی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌، و ئێران به‌گرنگیه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ ده‌ڕوانێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا په‌یوه‌ندیه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌ هه‌یه‌، ئه‌و دوو هێزه‌ش له‌ ئێستادا ناوچه‌ سنوریه‌كانی عێراق و سوریایان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

Back to top button