تەندروستی سلێمانی: بەھۆی قەرەباڵغیی ھاووڵاتیان خەریکە دەگەڕێینەوە خاڵی سفر

جێگری بەڕێوه‌بەری گشتی تەندروستیی سلێمانی ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، هاووڵاتییان ڕێنوێنییه‌كانى ته‌ندروستى وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ ناكه‌ن، خەریکە بۆ خاڵی سفر دەگەڕێینەوە.

د. ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاند ، بێباکی و خەمساردیی خەڵکی لە ڕێنوێنییه‌كانى خۆپارێزی دژی په‌تاى کۆرۆنا، بەرنامەی ئێمە نەبووە، پێشتر کارنامەی خۆمان ڕاگەیاندووە کە چۆن قۆناغ بە قۆناغ بارودۆخەکە ئاسایی بکەینەوە، ئەو ھەڵمەتەشی کە بۆ خودپارێزی ڕامانگەیاندووە، وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، بەداخەوە بەھۆی ئەو پەلەپەلەی ھاووڵاتییان و دروستکردنی قەرەباڵغی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا، خەریکە بۆ خاڵى سفر دەگەڕێینەوە.

جێگری بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد ، مەترسیی كۆرۆنا وەك خۆی ماوەتەوە و حاڵەتی نوێی تووشبوون به‌ په‌تاكه‌ تۆمار کراوە، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین کە ژمارەیەکی زیاتری تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تۆمار بكرێت، بۆیە ئێمە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین کە ڕێنوێنییه‌كانى تەندروستی جێبەجێ بکەن، چونکە مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا كۆتایی نه‌هاتووە و بەو قەرەباڵغییەی دروستی دەکەن، ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر ده‌كه‌ن.

Back to top button