شێخ جەعفەر لەوەڵامی مالیكی دا دەلێت ئەگەر یەكێتی پشتگیری مالیكی بكات، ئەوا شەریكە لە نانبڕینی خەڵكی كوردستان

خواكوڕك
فەرماندەیەكی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە هێرش دەكاتە سەر مالیكی و دەلێت ئەگەر مالیكی و هاوشێوەكانی بیانەوێت پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان دەربكەن، ئەوا پێشمەرگە بە دەستی پۆڵایین رووبەڕوویان دەبێتەوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوەڵامی مالیكی دا دەلێت “كورد گەلێكی شەڕخواز نییە، داوای مافەكانی خۆی دەكات، هەمیشەش لە هەموو شەڕێك خۆمان دەپارێزین، هەروەها دەلێت مالیكی “قووتی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، ئەگەر مالیكی و هاوشێوەكانی دەسەڵاتیان هەبێت، هەر ئێستا هێرشدەكەنە سەر كوردستان، بەڵام ئەوە خەونە و هەرگیز ناتوانن پێ بخەنە سەر خاكی كوردستان.
هەورەها شێخ جەعفەر دەلێت رەنگە هەندێ كەس هەبێت لەنێو یەكێتی ماستاو بۆ مالیكی بكات، بەڵام وەك یەكێتی لەگەڵ حیزبە كوردستانيیەكانین له بەغدا، قەت لەگەڵ مالیكی نین، ئەگەر یەكێتی پشتگیری مالیكی بكات، ئەوا شەریكە لە نانبڕینی خەڵكی كوردستان”.