ئەو باڵندەیە چیە كە هاتۆتە سنوری ئیدارەی سلێمانی شوێن بزر بووە و ئێستا جیهان بەدوای دا دەگەرێت

بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی دەزگای میدیایی خواكوڕك كەوتووە، باڵندەیەک لە ئەفریقاوە هاتووەتە ھەرێمی كوردستان و ھەڵگری ئامێری جی پی ئێس بووە، دوای ئەوەی جی پی ئێسكەی لێ بووەتەوە لە سنووری دەڤەری راپەڕین دیار نەماوە.

لەو بارەیەوەبەڕێوبەەرایەتی ناحیەی حاجیاوا ئاشكرای كرد: “لە رۆژی 19/4/2020 تیمێکی رێکخراوی سرووشتی عێراق و زانکۆی سلێمانی و دەستەی ژینگەی هەرێم، سەردانی بەڕێوبەرایەتی ناحیەی حاجیاوایان کرد بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی باڵندەیەکی کێوی دەگمەن، کە لە جیهاندا مەترسی لەناوچوونی لەسەرەو ناسراوە بە سیسارکی میسری”.

هەر بەگوێرەی زانیاریەكانی بەرێوەبەری ناحیەی حاجیاوا” ئەم باڵندەیە هەڵگری ئامێرێکی ( جی پی ئێس) بووە لە کیشوەری ئەفریقیا لە وڵاتی ئەسیوپیاوە بەڕێکەوتووە لە مانگی 12ی ساڵی 2019، بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوێشەوە بەرەو ھەرێمی کوردستان، چونکە ژینگەی کوردستان لەبارە بۆ ئەو باڵندەیە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن لە 15/4/2020 هاتووەتە ناوچەی دۆڵی پڵێنگان و ئاسمانی ناوچەی گوندی سپیاو. لەوێوە ئامێری جی پی ئێسەکە لەئاسمان لێ بووەتەوە و دێتە سەر زەوی لەوێشەوە بەرەو حاجیاوا دەکەوێتەڕێ هەتا 16/4/2020 لە حاجیاوا دەبێت”.
لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی حاجیاوا ئەوەش خراوەتەڕوو: “دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بەهاوکاری بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی حاجیاواو بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین و موختاری گەڕەکی چوارچرا، سەردانی ئەو گەڕەکە کراو پشکنین بۆ هەندێک شوێن کرا. دوای ئەوە تیمەکە سەردانی کۆتا شوێنی باڵندەکەیان کرد لەوێ لەڕێگای خەڵکی ناوچەکەوە تەنها ئامێرەکە دۆزرایەوە بەبێ دۆزینەوەی باڵندەکە”.
Back to top button