ڕه‌وتی سه‌در: هه‌ندێك لایه‌ن له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ن پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی كازمی شكست پێبهێنن

 

ڕه‌وتی سه‌در به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌ن كار بۆ شكست پێ هێنانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی عیراق له‌‌لایه‌ن مسته‌فا كازمییه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هۆكاره‌كه‌یشی ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

له‌و باره‌وه‌ حاكم زاملی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ڕه‌وتی سه‌در له‌ لێدوانێكدا ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌ن كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ته‌گه‌ره‌و كۆسپ بخه‌نه‌ به‌رده‌م پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ و ده‌كۆشن كێشه‌و ناكۆكی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی ڕاسپێرراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ دروست بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی هێشتنه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئێسته‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی.
گوتیشی ئه‌و لایه‌نانه‌ وه‌زیریان له‌ كابینه‌ی ئێسته‌دا هه‌یه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون له‌چوارچێوه‌ی ده‌سته‌ ئابوورییه‌كانییه‌وه‌ كارده‌كه‌ن.

ڕوونیشی كرده‌وه‌ پێویسته‌ مسته‌فا كازمی ئه‌و پلانانه‌ له‌ناو ببات و كه‌سایه‌تی نوێ بۆ پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان هه‌ڵبژێرێت و له‌گه‌ڵ فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا دانیشێت و گوێ له‌ داواكارییه‌كانیان بگرێت چونكه‌ ده‌نگدان له‌ په‌رله‌مان له‌ ڕێگه‌ی فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت بۆیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵیان دانیشێت و له‌گه‌ڵیان ڕێكبكه‌وێت. هه‌ڵبه‌ت پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان مۆڵه‌تی چل و هه‌شت كاتژمێریان به‌ مسته‌فا كازمی داوه‌ ناوی كاندیده‌كانی كابینه‌كه‌ی بگۆڕێت.

Back to top button