دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ : بڕینی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە نایاساییە

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا ، زیا پترۆس سیلۆ سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات بڕینی مووچەی فەمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە نایاساییە ڕاستەوخۆ وەك فشار و مزایدە ئەژمار دەکرێت  بۆ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .

لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات ، نە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە جیا كاریە و پێچەوانەی دەستوورو ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ و سزادانی بەكۆمەڵ و فشاری سیاسیە.

 

 

 

هاوکات ڕاشیدەگەیەنێت ، لە كاتێكدا هەموو جیهان و وڵاتان لە ئێستادا هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیانی خۆیان لەپەتای كوڕۆنا و دابینكردنی ژیان و سەلامەتیان، بەڵام لەو قۆناغە سەختەو ناسكە حكومەتی ناوەندی بە فەرمانێك هەڵساون بە ڕاگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و موچەی فەرمانبەران.

 

ڕاگەیەنراوێك لە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ەوە :

بەداخەوە لە كاتێكدا هەموو جیهان و وڵاتان لە ئێستادا هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە لە پێناو پاراستنی هاوڵاتیانی خۆیان لەپەتای كوڕۆناو دابین كردنی ژیان و سەلامەتیان. بەڵام لەو قۆناغە سەختەو ناسكە حكومەتی ناوەندی لەجیاتی هاوكاری كردنی هەرێمی كوردستان و دابین كردنی ماف و شایستەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە موچەو بودجەو ئەوانی تر، كەچی بێ ڕەچاو كردنی ئەو بارودۆخە بەفەرمانێك لە ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران هەڵساون بە ڕاگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و موچەی فەرمانبەران ، ئەگەرچی ئەو هەنگاوەی حكومەتی ناوەند بە بیانوی ڕێكاری یاسایی و ئیلتزام نەكردنی حكومەتی هەرێمە بەو ڕێكەوتنانەی لە نێوان هەردوولا هەیە لەسەر پرسی نەوت بەڵام ناكرێ لە كاتی بونی هەر ناكۆكی و هاتنە پێشی هەر بارودۆخێك و گۆڕانكاریەكی سیاسی دەست بۆ موچەی هاوڵاتیان و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ببرێت و وەك كارتی فشار بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێنرێت ، بەپێچەوانەوە دەتوانن لەڕێگەی گفتوگۆو پەنابردن بۆ دادگای فیدڕاڵی و ڕێكاری یاسایی چارەسەری ئەو پرسە بكەن نەوەك هاوڵاتی بكرێتە قوربانی ناكۆكیەكان لەپێناو وەرگرتنی بەش وپشكی زیاتر لە حكومەت ، ئەوه جگە لەوەی ئەو كارە پێچەوانەی دەستورو ڕێكەوتنەكانی پێكهێنانی كابینەكەی بەڕێز عادل عبدالمهدیە كه رێكەوتن كرابوو‌ لەكاتی بونی ناكۆكی و كێشەی سیاسی دەست بۆ موچەی هەرێم نابرێت و بەهیچ شێوەك مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێ سیاسیەكان ، بەڵام بەداخەوە بە ئاشكرا پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە هەنگاو دەنێن و پێشلی دەستورو ڕێكەوتنەكان دەكەن

ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات لە عێڕاق درێژ كراوەی هەمان سیاسەتی كابینەكانی تری دوای ساڵی 2003 ی بەغدایە بەرامبەر خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموو ساڵێك بە بیانوەك و لەكاتی پێكهێنانی كابینەی تازە هەوڵی كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و بڕین و نەناردنی موچەی فەرمانبەران دەدەن و ئەو جۆرە بیركردنەوەو سیاسەتەش بۆ عێڕاقی تازەی دوای ڕوخانی رژێمی بەعس مەترسیدارەو ناكرێ هێشتا خەڵكانێك و هەندێ گروپ و لایەنی سیاسی هەبێت لەعێڕاق هێشتا بە نەفەسی جیاكاری و تاكڕەوی و غەدر كردن لە بەشێكی تر بیر بكەنەوە ، بەلای ئێمەوە وەك دەستەی مافی مرۆڤ ئەو جۆرە كارانە هیچ كەمتر نیە لەگەڵ جینۆسایدكردنی هاوڵاتیان كە لەلایەن رژێمەكانی ڕابردوو بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا چونكە جینۆساید كردن تەنها كوشتنی بەكۆمەڵ نیە بەڵكو برسی كردن وبڕینی بژێوی ژیان و قوتی منداڵ و هاوڵاتی بە كۆمەڵ جۆرێكی ترە لە جینۆساید بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و پێچەوانەی ڕێكەوتنامە نێو دەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ وسزادانی بەكۆمەڵه و فشاری سیاسی یە ، وە‌‌ پێچەوانەی هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسەكان و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانە كە لەساڵی 1966 دەرچووەو وە دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1971 پاپەند بوە پێوەی هەروەها دژی رێكەوتنامەی نەهێشتنی جیاكاری لە كاری فەرمانبەری یە كەلە ساڵی 1957 دەرچوەو‌ لە سالی 1959 عێڕاق پەیوەست بونی خۆی راگەیاندوە كەواتە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبێت بەهەمان شێوەی فەرمانبەرانی عێڕاق مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ و موچەو شایستە داراییەكانیان پێ بدرێت ، بە پێ ی رێكەوتنامەی یەكسانی لە موچە و كرێ ومافی دارایی كە لەساڵی 1953 دەرچوە وە عێراق 1963 پێوەی پابەند بوەو هەروەها بەپێ ی دەستوری هەمیشەیی دەوڵەتی عێڕاقیش كە هەموو هاوڵاتیانی عێڕاق هاوبەشن لەماف و ئەركدا.

ئەوەشی گرنگە بۆ لایەنە كوردستانیەكانی كە لەبەغدا لەحكومەت و پەرلەمان نوێنەرایەتیان هەیە ، ئەو قۆناغە لەهەموان دەخوازێ كەلەیەك بەرە بن بۆ داكۆكی لە ماف و موچەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی مافی هەرێمی كوردستان ، نابێت ڕێگە بەهیچ لایەن و كوتلەیەك بدەن لەدژی هەرێمی كوردستان كاربكات دەست بۆ بڕینی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ببات ، پێویستە یەك ڕیزبن ودووربن لە یەكتر تۆمەتباركردن چونكە لەو ململانێ یانە هاوڵاتییان دەبنە قوربانی وئاكامەشی بەخراپ بەسەر هەموو هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بێ جیاوازی ، ئەو كەس ولایەنانەشی داكۆكی لەماف و موچەی هاوڵاتیان نەكات بەپرسیار دەبێت بەرامبەر مێژوو وخەڵكی هەرێمی كوردستان و دەنگدەران و ئەو بەڵێنانەی بەخەڵكیان داوە.

لای خۆشمانەوە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە گەڕ لەگەڵ ئەو لایەنانەی لەنزیكەوە پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیان لە بەغدا لە پێناو دابین كردنی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ڕێگری كردن لە دەست بردن بۆ موچەو مافەكانی هاوڵاتیان.

 

زیا بتڕۆس سیلۆ

 

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان

 

27 ی نیسانی _ 2020

Back to top button