پۆلیسی سلێمانی : بکوژانی کچەکەی گەڕەکی چوارچرا دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئاشکرایکرد، کە بکوژانی کچە ٢٠ ساڵەکەی گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانیان دەستگیرکردوە.

ئەمڕۆ سێ شەممه‌، بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: :پاش ئەوەی چەند شەوێک لەمەوبەر کچێک لەماڵەکەی خۆیدا لەگەڕەکی چوارچرا بەفیشەک کوژرا، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە دەستیپێکردو پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمداو کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر تۆمەتباران و ئەمجامدەرانی ڕوداوەکە دەستگیربکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردوە: لەئێستادا ھەریەک لەتۆمەتباران (ن، أ، ح) لەدایکبوی ١٩٩٣ و (م، أ، م) لەدایکبوی ١٩٩٧ و (ک، أ، م) لەدایکبوی ١٩٩٤ بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٥ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، راشیگەیاند: ھەروەھا دەستیشگیراوە بەسەر ئەو دەمانچەیەدا کە بەتۆمەتباران بووەو تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.

Back to top button