شاندی حكومه‌تى هه‌رێم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ كرد

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەبەغدا، پێشوازی كرد لە ماپیۆ تولەر، باڵێوزی ئەمەریكا لە عێراق و هەردوولا لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی بەغدا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێم گفتوگۆیان كرد.

لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری بەغدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان لەبارەگای حەوانەی خۆی، ئەمڕۆ 29/4، پێشوازی كرد لە ماپیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق و هەردوولا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی رونیكردەوە بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند سەردانی بەغدایان كردووە لەبەر رۆشنایی دەستوری هەمیشەیی عێراق و لێكگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوولا.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقەوە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، رایگەیاند كورد نابێتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێك دەبن لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و رەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا.

لەكۆبوونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بوون.

Back to top button