دەم خۆش شێخ جەعفەر
مەسعود مەلا پەروێز
ئەوەی دركاندت قسەی دڵی هەموو كوردێكی دڵسۆزی ئەم نیشتیمانە بوو ، هەڵوێستێكی كوردانەی كەمەر شكێن بوو بۆ ئەو كوردانەی كە هەموو ئومێد و ئاواتیان ئەوە بوو مالكی بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات ، مەبەستم اكراد مالكیە ، هەروەها گورزێك بوو بۆ ناو دەمی خودی مالكی كە بەهەموو توانای خۆیەوە لەڕێگەی چەند كوردێكی خۆفرۆشەوە دەیویست درز بخاتە نێوان لایەنە سیاسیەكان بە تایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی كە دوو كاریگەرترین لایەنی سیاسی كوردستانن ، دەس خۆش جەنابی شێخ جارێكی تر وەك پێشمەرگەیەك ئەوەت دووپات كردوە كە ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش بەخوێن ئازاد كراوە پارچەیەكە لە خاكی كوردستان ، مالكی بەخێر و پیاوەتی بە كوردستانی نەبەخشیووە.
بەڵكو خودی مالكی وەك دیاریەك بە داعشی بەخشی بۆیە دەبوایە مالكی داوای لێبوردنی لە خەڵكی ئەو ناوچانە بكردایە كە كەوتنە بەر شاڵاوی ئەو دیاریە و دەبوایە سوپاس و ستایشی هێزی پێشمەرگەی بكردایە كە توانی ئەو ناوچانە ڕزگار بكاتەوە ، گەر مالكی لەوڵاتێكی خاوەن سەروەری یاسا بوایە دەبوایە مالكی لە سێدارە بدرایە دەرهەق بەو هەموو تاوانانەی كە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامی داوە ، خۆزگە ئەوانەی ئومێد و ئاواتیان لەسەر مالكی هەڵچنیووە كەمێك بە خۆیان بچنەوە و تۆزێك ئاڕەقەی شەرمەزاری بڕێژن كاتێك كە دەبینین پێشمەرگە و فەرماندەكانی ئامادەن بە خوێن بەرگری لەو خاكە بكەن كە بەخوێن ئازاد كراوە