جەنەڕالێكی ئەمریكی: كوردستانێكی بەهێز لە بەرژەوەندی ئەمریكایە
خواكوڕك
دۆستێكی دیاری كوردو جەنەڕاڵێكی خانەنشینكراوی ئەمریكا كە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، چەندین ساڵ لە كوردستان و ناوچەكانی دیكەی لە سوپای وڵاتەكەی ئەركی بینیوە و سەركردەیەكی دیار و بەھێزی ئەمریكا بووە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست ، و ئێستاش وەك خۆبەخشێك مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەكات, دەلێێت:” بەهێزی كوردستان لە بەرژەوەندی ئەمریكایە”
ئێرنی ئۆدینۆ، دوستی كورد و جەنەڕالی خانەنشینی ئەمریكایی لە نوێترین وتاریدا لە ماڵپەڕی Jewish Policy Center)) باسی لە ئایندەی ناوچەكە وعێراق و كوردستان و هەروەها سیاسەتەكانی ئەمریكا بۆ ئیدارەی نوێی وڵاتەكەی كردووە و دەنوسێت:” دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پێویستە ئەو كارە لە عێراق بكات كە سەرۆكەكانی پێش ئەو نەیان كرد و دەركیان بە مەترسی و ئەگەرەكانی خێرایی گوڕانكارییەكان نەدەكرد.
ئێرنی, پێی وایە وڵاتەكەی پێویستی بە سیاسەتێكی ڕوونە بۆ قۆناغی دوای ڕووخانی داعش و ئازادكردنەوەی مووسڵ، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە سەركەوتنی ئەم شەڕە و تەنها بە زیادكردنی هاوكارییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر دەبێت، چونكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها هەرێمی كوردستان و ئیسرائیل هاوپەیمانی ڕاستەقینە و دیموكراتخوازی ئەمریكان.
ئێرنی ئۆدینۆ لە دەستپێكی وتارەكەیدا دەڵێت:” ئەمریكا پێویستە پلانێكی پێشوەختە بۆ دوای ڕزگاركردنەوەی مووسڵ دابڕێژێت و ئامانجەكەی دیاری بكات و بەشێكی سەرەكیی ئەم ئامانجەش، ئەگەر كوردستانێكی سەربەخۆ نەبێت، پێویستە كوردستانێكی بەهێز بێت توانای سیاسی سەربازی بتەوی بۆ فەراھەم بكرێت ”.
ئەو جەنەڕالەی ئەمریكا باس لە گرنگی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی ھەمیشەیی ئەمریكا دەكات لە هەرێمی كوردستان ھاوشێوەی وڵاتانی كەنداو, پێی وایە بنكەیەكی سەربازی گەورە دەتوانێت ڕۆڵی ئەمریكا لە ناوچەكە بەهێزتر بكات و لە هەمانكاتیشدا ڕێگە لە دەستوەردانەكانی ئێران بگرێت لە كاروباری عێراق, ئەو جەختدەكاتەوە هەم كوردەكان بەم جۆرە بڕیارە ڕازی دەبن، و هەمیش حكومەتی توركیا دڵنیا دەبێتەوە كە سنوورەكانی باشووری وڵاتەكەی لە مەترسی ئێران پارێزراون.
سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئۆدینۆ پێی وایە كە ئەوە عێراقە كوردستان جێ دەهێڵت و نایەوێ مامەڵەی تەندروستی لەگەڵ بكات, نەوەك كوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە, چونكە سەرەڕای بڕینی بوجەی حكومەتی هەرێم و جورەھا فشاری دەستووری و نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، حكومەتی بەغدا و دەسەڵاتی شیعەی وەزارەتی بەرگری تەنانەت ڕێگە لەو چەك و هاوكارییە لۆجستی و سەربازییانە دەگرن كە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕەوانە دەكرێت لە لایەن ولاتانی ناتۆ و رۆژئاوا.