سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

له‌ په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ی 1ی ئایار، ڕۆژی جیهانی كرێكاران، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ په‌یامه‌كه‌شدا پیرۆزبایی له‌ كرێكارانی كوردستان و سه‌ندیكاو ڕێكخراوه‌كانیان كرد.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی یادی یەكی ئایار، ڕۆژى جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان، هەروەها پیرۆزبایی لە تێكڕای كرێكارانی عێراق و جیهان به‌گشتى دەكەم.

كرێكارانی كوردستان بازووی ماندوونەناس و كاران و ڕۆڵێكی دیارى بنیادنەرانە لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا ده‌گێڕن كه‌ هەمیشە بەرچاو و جێی ڕێز و پێزانینە. لەم یادە پیرۆزەدا، ته‌واوى پشتیوانیی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیكاییە ڕەواكانیان، گوزەرانی شایستە و هەلومەرجی لەباری كاركردنی كرێكاران و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتكێشە و تەواوی خەڵكی كوردستان، دووپات دەكەینەوە.

هیوادارین وڵاتەكەمان و جیهان هەرچی زووترە لە قەیران و كێشه‌كانى ده‌رهاویشته‌ى په‌تاى كۆرۆنا دەرباز ببن كە بەداخەوە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ژیانی هەمووان و بەتایبەتى كرێكاران و ڕەنجدەران دروست كردوە، بەو ئومێدەی ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی باشتردا ئەم یادە بكەینەوە.

ڕۆژى جیهانیى كرێكاران له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1/5/2020

Back to top button