كەمال كەركووكی دەبێت سوپای عێراق و حشدی شەعبی بۆ پێش رێكەوتنی سایكس پیكۆ بكشێنەوە
خواكوڕك
فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە محوەری پێنجی دووبز و رۆژئاوای كەركووكی رایدەگەێنێت، دەبێت سوپای عێراق و حشدی شەعبی بۆ پێش رێكەوتنی سایكس پیكۆ پاشەكشە بكەن كە دەكەوێتە ئەودیوی حەمرین، دەلێت ئەمە مالی كوردانە و ئەگەر نەكشێنەوە پاشەكشەیان پێدەكەین.
نووری مالیكی، جێگری سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقی چەند رۆژێك پێش ئێستا لە تارانەوە رایگەیاند، دەبێت پێشمەرگە بۆ سنووری پێش ساڵی 2003 بكشێتەوە لەبەرامبەر دا كەمال كەركووكی فەرماندی هێزی پێشمەرگە،وەڵامی تووندی مالیكی دەداتەوەو دەلێت ئەو لێدوانە گوزارشتێكی حەقیقییە لە ناخی ئەوانەی لە بەغدا حكوم دەكەن، بەو لێدوانە دەبێ ئەو كوردەی خەوتووە لەخەو هەستێت، كە ئەگەر سەربەخۆیی بەدەست نەهێنێ، رۆژێك دادێ تووشی دەردەسەری و شەڕ و پێكدادان دەبێت”.
هەروەها كەركووكی بەرووداویشی راگەیاندووە، بەپێویستی زانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە خاكی كوردستان بكشێنەوە، بۆ پێش رێككەوتنامەی سایكیس – پیكۆ، واتە خوارووی حەمرین، گوتیشی “دەبێ لە باكووری هیت و تكریتیش بڕۆنە دەرەوە، بەخۆشی بێت یان بەترشی بێت لێیان دەسەنینەوە”.
كەمال كەركوەكی هەروەها دەلێت مەحاڵە جارێكی دیكە خاكی كوردستان رادەستی سوپای عێراقی شكستخواردووی هیچپێنەكراوی هەڵاتوو بكەینەوە، سوپای عێراق گەردنی خەڵكی لەبەردەم چەقۆی داعش بەجێهێشت، بۆئەوەی یان ببنە كۆیلە، یان سەر ببڕدرێن، ئەوە مەحاڵە جارێكی دیكە چارەنووسی خۆمانیان رادەست بكەین، سنووری كوردستان دیارە و خەڵكی كوردستان لە ماڵەكانیان بۆ كوێ بڕۆن؟”.
لەبارەی رێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی رزگار كردنی موسل، كەركووكی دەلێت “مەسەلە رێككەوتن نییە، خاكی كوردستان خاكی كوردستانە و دەبێت بۆ خەڵكی كوردستان بێت، ئەگەر عەدالەت هەبێ، ئەگەر حیساب بۆ قانوونی دەولی بكرێت، ئەگەر حیساب بۆ بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت، دەبێ رای خەڵكی كوردستان وەربگیرێت، ئایا دەیانەوێت لەسەر خاكی خۆیان چۆن بژین؟”.
هەروەها كەركووكی گوتیشی “چارەسەر ئەوەیە ئەوان ئاقڵ بن، ئەگەر ئاقڵ نەبن، ئاقڵ بكرێن، ئێمە پێمانباشە ئەوان بە دیالۆگ بچنەوە نێو ماڵی خۆیان، ماڵی خۆیان پیرۆزی خۆیان بێت، كوردستانیش تەماحی لە ماڵ و خاك و مافی كەس نییە، ئەوكاتەی سوپای عێراق رایكرد، پێشمەرگە گشت پێكهاتەكانی بەبێ جیاوازی زمان، نەتەوە و ئایین پاراست، ئێمە دەمانەوێت بەوشێوەیە بێت، نە زوڵم لە كورد بكرێت، نە غەیرە كوردیش زوڵم لە كورد بكات”.
لەكوتایشدا كەركووكی دەلێت “راستە سەرەتا كورد رۆڵی زۆری لە دامەزراندنی سوپای عێراق بینی، بەڵام لە دەرگا و پەنجەرەوە دەریان كردە دەرەوە، ئێستا هیچ رۆڵ و كاریگەرییەكی نەماوە، رێژەیەكی ئەوەندە كەمە شەرمە باسی بكەین، ئەمە خواستی كورد نەبووە و بەسەر كورددا فەرز كراوە، ئەوانەی لەنێو سوپای عێراقیشن تەنیا بۆئەوەیە مووچەیەك وەربگرن و بژین”.