حكومه‌تی هه‌رێم: جه‌خت لە یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێکین بۆ دوو ئیدارەیی

 
 
ئەمڕۆ شەممە 2020/5/2 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان کردبوو کۆبووەوە  و بڕیاردرا بەپێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە ، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت
لە کۆبوونەکەدا  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندەکە و ئەندامانی شاندەکە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لە گەڵ کاربەدەستەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو  .جەخت لە سەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لە گەل بەغدا کرایەوە بە ئاراستەی  پاراستن و دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانوستان، شاندەکە دووبارە سەردانی بەغدا بکاتەوە .
لە تەوەرێکی دیکەدا دۆخی دارایی ئێستای حکومەت تاوتوێ کراو سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە ، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرایەوە .  هەروەها  بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکومەتن. رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێبکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکەدا ، سەبارەت بەو داواکارییانەی کە ئێستا لە بارەی لامەرکەزی ئیداریی لە ئارادان، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت جەختیان لەوە کردەوە کە پرسی لامەرکەزی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی حکومەت، بە شێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەختیشیان لە یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ دوو ئیدارەیی کردەوە.
Back to top button