نهێنیه‌ك له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان په‌كه‌كه‌ و ئه‌مریكیه‌كان ئاشكراده‌بێت

خواكوڕك

سوپاسالاری پێشووی عێراق نهێنیه‌ك له‌باره‌ی شه‌ڕی شه‌نگال و په‌كه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت، “کاتێک داعش هێرشیکردە سەر سنووری شنگال، لیژنەیەکی ئەمریکی هاتنە سنوورەکە بۆ ئەوەی خەڵکی گوندی کۆچۆ رزگاربکەن، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە ئەو لیژنەیان بەردباران کرد”.

بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق لە دیمانه‌یه‌كدا له‌گەڵ كه‌ناڵی رووداو له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، “خۆم چوومە لای ئەمریکییەکان گوتم چارەسەرێکی گوندی کۆچۆ بکەن چوار هەزار کەسی تێدایە، پێیان گوتم ئێمە دەتوانین دەورووبەری بۆردوومان بکەین، ئەگەر ئەو خاڵانە بۆردوومان بکەین دەکشێنەوە و دەڕۆن. بۆ ئەو مەبەستەش چوونە سەر چیای شنگال بۆ چاودێریکردن بۆ ئەوەی داعش بۆردوومان بکەن”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “لەو کاتەدا ئەمریکییەکان ویستیان بەرەو گوندی کۆچۆ بچن، پەکەکە هاتنە ئەوێ و ئاڵای خۆیان داکوتی و لیژنە ئەمریکییەکەیان بەردباران کردن. دواتر لیژنەکە هاتنەوە بە ئێمەیان گوت بۆچی پێتان نەگوتووین ئەوێ تیرۆریستی لێیە؟”

زێباری ده‌ڵێت ئێمه‌ به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ گوتمان تیرۆریستی چی؟ “گوتیان لێیەتی و ئێمەشیان بەردبارانکردووە”. ده‌شڵێت، “ئه‌وكات زانیمان مه‌به‌ستیان په‌كه‌كه‌یه‌، بەو هۆیەوە ئەمریکییەکان ئامادە نەبوون خەڵکی کۆچۆ لەدەست داعش رزگاربکەن”.

دوای ئه‌و رووداوه‌، داعش له‌ 3-8-2014 هێرشیکردە سەر شنگال و دەورووبەری و تەنیا لە گوندی کۆچۆ هەزار و 300 کەسی کوشتوو یاخود بە دیل گرتوون و بێسەروشوێن كردن.

Back to top button