ئومێد خۆشناو: تازە بەتازە داوای لامەركەزی دەكەن
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانە دەداتەوە كە داوای لامەركەزی بۆ سلێمانی دەكەن و دەڵێت، تازە بەتازە داوای لامەركەزی دەكەن.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، كاتێك واقیعی و ڕاستگۆ بووین لەگەڵ خەڵكی كوردستان و بەدەنگی بەرز داوای ئۆتۆنۆمیمان دەكرد، توانجیان لێ دەداین و لە بەرانبەریشدا كارتی مافی چارەنووسییان بەرانبەرمان بەكار دەهێنا.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاشكرای كردووە، ئێمە ڕاستمان كرد و قۆناغ بەقۆناغ هەنگاومان هەڵگرت، لە ئۆتۆنۆمییەوە تا شانازی پێشكەشكردنی پڕۆژەی فیدڕاڵی و پەسەندكردنی لە پەرلەمانی كوردستان و تا گەیشتن بە واقیعی بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەكە و سەربەخۆیی.
باسی لەوەش كردووە، دواجاریش گەل بڕیاری خۆی دا و لە چوارچێوەی ڕیفراندۆمی شانازی 25ـی ئەیلوول چارەنووسی خۆی نووسییەوە، ڕوون و ڕەوان بەیانی خواستی خۆی كرد، ئەگەر ئەمڕۆش نەتوانێ ئامانجەكەی پراكتیزە بكات، بەڵام بێشك هەر بەو ڕۆژە دەگات.
“كەچی بەداخەوە تازە بەتازە داوای لامەركەزی دەكەن، ڕاستبێژ بن و شەرم مەكەن، ئەو لامەركەزییەی داوای دەكەن ئامانج تێیدا فیدڕاڵی پارێزگاكانە كە پێشتر ڕەت كراوەتەوە و لە داهاتووشدا گەل قبووڵی ناكات”. ئومێد خۆشناو وای نووسیوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كۆتایی نووسینەكەی ڕوونی كردووەتەوە، كەوایە جیاوازیی خیلافەكە لە نێوان هەردوو ڕەوتی ئۆتۆنۆمی ویست و مافی چارەنووس، گەیشتووەتە ئاستی سەربەخۆیی و لامەركەزی و فیدڕاڵی پارێزگاكان.