لە سەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر سۆران عومەر حکومەت روونکردنەوە دەدات
لە روونکردنەوەیەکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی دەنووسێت ، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی لەسەر تۆمەتەکانی پێشکەش نەکردووە”.
هاوکات فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی نییە بۆ هیچ پەرلەمانتارێک .
دەقی روونکردنەوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
*روونکردنەوەیەک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە*
دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە چەندین تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمای ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد . سەرۆکی داواکاری گشتی داوای کردووە کە پەرلەمانتاری ناوبراو بەڵگەی پێویست لە بارەی تۆمەتەکانی، رادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات و راستی تۆمەتەکانی بسەلمێنێ، ئەگینا تۆمەتەکانی دەچنە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و سەرەنجام رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە . بەڵام دوای چەندین جار ئاگادار کردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی لەسەر تۆمەتەکانی پێشکەش نەکردووە و خۆی دەدزێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێکارەکان بگیرێتەبەر تا راستییەکان روون ببنەوە و سنوورێکیش بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنی ناوبراو دابنرێت .
خەڵکی کوردستان دەزانن سەرۆکی حکومەت لە رابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەلام خەریکە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەک کە لە پەنای کاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی رای گشتی چەواشە دەکرێت .
بۆ ئاگاداری هەموو لایەکیش بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی نییە ، بەڵکو پرۆسەیەکی یاسایی و مەدەنییە و هەر کاتێک پەرلەمانتار یاسا پێشێل بکات، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ماددە ( 24 ) پارێزبەندیی لە سەر هەڵدەگیرێت تاکو دداگا بتوانێت لە رووی یاساییەوە رێکار و رێچکەی خۆی بگرێتەبەر و کەسی پێشێلکار ڕووبەرووی یاسا بکرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020
/5/4