فراکسیۆنی پارتی بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا باس لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمان دەکات و دەڵێت پرسی سهندنهوهی پارێزبهندی لهسهر چهند پهرلهمانتارێك دهخرێته دهنگدانهوه.
دهقی بهیاننامهكهی فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی كوردستان:
لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان چەند پەرلەمانتارێك لە ئەنجامی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەریان، لابردنی پارێزبەندی لەسەریان دەخرێتە دەنگدان.
ئەم پرسە هیچ قابیلی هاتوهاوار و شپرزە بوون نییە، بەدیاریکراوی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر لەسەر داوای بەڕێز سەرۆك وەزیران کاك مەسرور بارزانی دەبێت بچێتە بەردەم دادگا، ئەوەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەیکات چەسپاندنی یاسایە و رێگایەکی شارستانیانەیە، کە ئەگەر بژمێردرێت لەوانەیە سەدهەمین جار بێت ئەو پەرلەمانتارە تەشهیر و ناوزڕاندن پیشەی بووە و زۆربەی جار چاوپۆشی لێکراوە و پێشتر داوایەکی هەر لە دادگا بەرامبەر بەڕێز سەرۆك وەزیران دۆڕاندووە و دەبوو 110 ملیۆن دینار قەرەبوو بدات، بەڵام تەنها 250 دیناری لێوەرگیرا.
ئەوانەی ئاین بەکار دەهێنن بۆ سیاسەت، بوختان و تەشهیر کار و پیشەیانە خۆ دەبێت جارێك کەسێك پێیان بڵێت ئەم ریاکارییە رابگرە، نیگەرانبوون بە چوونە بەردەم یاسا دوو رووییە لە بەرامبەر ئاین و دووفاقییە لە داواکردنی دادگەریی.
خەڵك دەبێت بزانن ئەم نموونانە چەندین ساڵە بوختان دەکەن و گوێی خەڵکییان پڕ کردووە لە قسەی ناڕاست ئێستاش پەلەقاژێ و ترس لە دادگا نیشانەی پرسیارە، چوونکە مرۆڤ گەر راستگۆ بێت باکی چییە بەوەی بچێتە بەردەم دادگا، بەڕێز سەرۆك وەزیران شارستانیانەترین رێگای گرتووهتە بەر وەك هەر هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە، کە مافی خۆیەتی رێگری بکات لە بوختان و ناوزڕاندن بەرامبەری.
هەموو پەرلەمانتارێك ئەرکی ئەوەیە لە خزمەت خەڵکی کوردستاندا رۆڵی خێر و چاکە بگێڕێت و لەو ناڕەحەتییانەی کە دێنە پێش بۆ میللەتەکەمان پاڵپشتی خەڵك بن نەك خەریکی پرتە و بۆڵەی لابەلا و بوختان و ئاژەوەگێڕی.
فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان