كۆمەڵی ئیسلامی خۆی بێ بەری كرد لە سۆران عومەر

بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی سۆران عومەر پارتیان ئازاد كردووە لە رێكاری یاسایی بەهۆی ئەوەی نە ئامادە بووە گوێ لە كۆمەڵی ئیسلامی بگرێت نە بەڵگەكانیش بخاتە روو”.

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاندووە”بە پێویستی دەزانم ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی و پەرلەمانتاران وهەوادارانی بەڕێزی کۆمەڵی ئیسلامی بخەمەڕوو، دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بە ڕێگەی هۆیەکانی ڕاگەیاندنەوە کۆمەڵێک تۆمەت و زانیاریی هەڵبەستراوی لەبارەی سەرۆکی حکوومەتەوە بڵاو کردەوە، جیا لە رێکارە یاساییەکان، لە پێناو رێزگرتن لە پەیوەندیی دووقۆڵی و ڕەواندنەوەی هەر هەڵە تێگەیشتنێک، سەرکردایەتی پارتی پەیوەندی بە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیەوە کردووە و داویان لێ کراوە کە ئەو پەرلەمانتارە هان بدەن لەبارەی ئەو تۆمەتانەی باسی کردوون یان بەڵگەکانی ڕادەستی لایەنی یاسایی بکات، یاخود ئەگەر بەڵگەی نییە با داوای لێبووردن بکات”.

هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشلێت”دیارە دوای ئەوەی لەلایەن سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی قسە لەگەڵ ناوبراو کراوە، نە ئامادە بووە هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو، نە ئامادەشە داوای لێبوورد نبکات، بۆیە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی سەرکردایەتیی پارتییان داوەتەوە و گوتوویانە ئێوە ئازادن رێکاری یاسایی بگرنە بەر”.

لە كۆتایشدا ئومێد خۆشناو راشی گەیاندووە”ئەمڕۆش جارێکی دیکە سۆران عومەر کۆمەڵێ تۆمەت و زانیاریی فابریکەکراوی بڵاو کردووەتەوە، دیسان دووپاتی دەکەینەوە ئەگەر ناوبراو دڵنیایە و دەتوانێ ئەو زانیارییانە بسەلمێنێت با بێت بەڵگەکانی بۆ لایەنی یاسایی بخاتە ڕوو، گەرنا با وەڵامدەری یاسا بێت”.

Back to top button