مه‌سعود بارزانی گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدا

خواكوڕك

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 7/1/2017مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ بەدواداچوونی پرۆسەکانی چاکسازی، هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، حاکم جەواد فەتاح ئاغا سەرۆکی داواکاری گشتی، حاکم بەنگین سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری بە وەکالەت و خالید هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

به‌پێی هه‌واڵێكی مالپه‌ری فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئامانجی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی پرۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتری سەرجەم دامەزراوەکان و دەستنیشانکردنی میکانیزمی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی هەنگاوە پێویستەکان بووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  بارزانی ڕایگەیاندووه‌، کە ڕاستە پڕۆسەکە دەست پێکراوە، بەڵام پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت و ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەکەوە بۆ ڕای گشتی هەبێت. دواتر سەرۆک بارزانی داوای لە ئامادەبووان کرد سەرنجەکانی خۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیەوە بخەنەڕوو.

دواتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو کۆبوونەوەیە و ڕایگەیاند کە لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی لە ١٠ـی٢ـی٢٠١٦، لە وەزارەتی دارایی و پێداچوونەوە بە ڕوونیی داهاتەکانی نەوت، چەندین هەنگاوی چاکسازی گیراونەتەبەر و پرۆسەکانیش لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی بەردەوامن.

پاشان لەلایەن جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی هەنگاوەکان و بەربەستەکان و بەرنامەی کاری حکوومەت خرایەڕوو. دواتریش بەرپرسی دامەزراوەپەیوەندیدارەکان ڕاپۆرتی زارەکییان لەبارەی هەنگاوەکانی ئەو دەزگایانە لەچوارچێوەی پرۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خستەڕوو و قسە لەسەر ئەوە کرا کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە “ڕەشنووسی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی” لە قۆناخی کۆتاییدایە کە تیایدا نەخشەڕێی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەستنیشان کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە بە بایەخەوە قسە لەسەر ئەوە کرا کە ئەو پرۆسەیە نیشتیمانی و سەرتاسەری و پێکەوەیی و هاوبەشە و پەیوەستە بەهەموو لایەکەوە و پڕۆسەیەکی تۆڵەستاندن نییە و بەپێی یاسا و دادپەروەری مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان دەکرێت و پێویستی بە هاوکاری و میدیا و پشتگیریی سیاسیی هەموو لایەنەکان هەیە. جەختیش لەوە کرایەوە کە پڕۆسەکە، پڕۆسەیەکی بەردەوامە و نابێ هیچ کەس و لایەنێک لەژێر هیچ ناونیشانێک کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەکە دروست بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ـی١ـی٢٠١٧ لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەو دەزگا پەیوەندیدارانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، بەڕێوە بچێت تا ڕێوشوێنی پراکتیکی بگیرێتەبەر و هەر دەزگایەک نەخشەڕێ و میکانیزمێک پێشنیار بکات بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی لیژنەیەکی باڵای هەماهەنگیدا بۆ بەدواداچوونی سەرجەم پرۆسەکانی چاکسازی، جێبەجێ بکرێن.

Back to top button