چه‌ند بڕیارێك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ  سێشه‌ممه‌ 5-5-2020 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوه‌وه‌ ئه‌مڕۆ راگه‌یێندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌وه‌ بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئاشكرا كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ ده‌رباره‌ی دۆخی دارایی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و رێوشوێنه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كراوه‌، كه‌ به‌شێكه‌ له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا خسته‌ڕو تایبه‌ت به‌ بابه‌تی شایسته‌ داراییه‌كان و دۆسێی نه‌وت و گاز. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ شانده‌كه‌ و به‌رزنرخاندنی هه‌وڵه‌كانیان، پێشنیاره‌كانی شانده‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌پێناوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دابینكردنی ماف و موچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی-یش، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی یاسای چاكسازیی به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای چاكسازیی په‌سه‌ندكرا و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش راسپێردران به‌ وه‌رگرتنی رێككاری پێویست به‌ ئاراسته‌ی زامنكردنی مافی موچه‌خۆری شایسته‌.

 

 

دەقی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 

کەمکردنەوەى خەرجییەکان
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان 9 بڕیاری دەرکردووە کە پێکهاتوون لە:
یەکەم: کەمکردنەوەى مووچە و دەڕماڵەى خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێم و سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجوومەنى دادوەریی و ئەنجوومەنى پارێزگا لە بوارەکانى خزمەتى شارستانى و سەربازیی و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و ئاسایشى گشتى و ئەنجوومەنى ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.
دووەم: خەرجکردنى تەنیا مووچەى بنەڕەتى بۆ ئەو پلە تایبەتانەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتى بەرەو سەرەوەن و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ماوەى 30 رۆژ لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیی چارەنووسى وەزیفیان یەکلایى بکاتەوە.
سێیەم: پێویستە وەزارەتى دارایى و ئابوورى مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن.
چوارەم: کەمکردنەوەى بودجەى تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانى خەرجى بگرێتەوە وەکو بوارى دابینکردنى دەرمان و پێداویستى پزیشکى و تاقیگەیی و خواردنى نەخۆشخانە و زیندانییەکان و خانەى بەساڵاچووان و نەوجەوانان و منداڵان و شێڵتەرەکانى ژنان وپاکردنەوەى شار و شارۆچکەکان و نەخۆشخانەکان و پێداویستییەکانى ئاو و کرێى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و چاکردنەوەى رێگەوبانەکان.
پێنجەم: پەیڕەوکردنى سیستمى نوێى ئۆنلاین بۆ خەرجکردنى بودجەى تەشغیلی لە پێناوى برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەى رووتین.
شەشەم: راگرتنى خەرجییەکانى بودجەى وەبەرهێنان (پڕۆژەى وەزارەتەکان و پەرەپێدانى پارێزگاکان).
حەوتەم: پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەى وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێم لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى و ئابوورى بە ئاراستەى کەمکردنەوەى بۆ نزمترین ئاست.
هەشتەم: راگرتنى خەرجکردنى راستەوخۆى وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتى خۆیان.
نۆیەم:  پێداچوونەوە بە خەرجییەکانى خزمەتگوزاریی بوارى نەوت و گاز.
زیادکردنی داهات
لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا لە دواى گفتوگۆ و راگۆڕینەوە سەبارەت بە زیادکردنى داهات، ئەنجوومەنى وەزیران ئەم بڕیارانەى دەرکرد:
یەکەم: رێکخستنەوەى ئەو خزمەتگوزارییانەى لە لایەن کەرتى تایبەتەوە بە شێوەى گرێبەست لە دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکرێن بە جۆرێک، دەبێت داهاتى ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندى گشتى بێت.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەى کە دراون لە رەسمى گومرگ و باج کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا و رێنماییەکان.
سێیەم: کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستى رێگرى لەهەر کارێکى نایاسایى کە زیان بە داهاتى گشتى بگەیێنێت.
چوارەم: پابەندکردنى کۆمپانیا ناوخۆییەکانى بوارى نەوت و گاز، کۆمپانیاکانى بوارى سکیوریتى و کۆمپانیاکانى بوارى پەیوەندى و ئینتەرنێت و پرۆژەکانى نیشتەجێبوون بە پێدانى باج لە چوارچێوەى یاسا وڕێنماییەکان.
پێنجەم: رێکخستنەوەى میکانیزم و ئەو لایەنانەی کە رسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەکان بە شێوەى گرێبەست کۆدەکەنەوە بەجۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندى گشتیدا بێت.
شەشەم: سەپاندنى باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان.
حەوتەم: پێویستە لەسەر وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پۆڵینى سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکات کە زێدەڕۆییان لەسەر ئەنجام دراوە، سەرەڕاى پێداچوونەوەى ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى بە گرێبەست بەکرێدراون لە رووى نرخ و شێوازى گرێبەست بۆ ئەوەى وەک سامانێکى نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بکرێت.
هەشتەم: هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى بۆ ئەو پڕۆژانەى مۆڵەتى وەبەرهێنانیان پێدراوە، بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پرۆژەکان نەکردووە.
نۆیەم: هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى کە بە موساتەحە دراون، بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پرۆژەکان نەکردووە.
دەیەم: تاپۆکردنى سەرجەم ئەو زەوییانەى کە بە شێوەى کارت تەرخانکراون بۆ هاووڵاتیان و هەروەها تاپۆکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوون لە پرۆژەکانى وەبەرهێنان بە ناوى هاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخى خزمەتگوزارییى کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون.
یازدەیەم: جەردکردنى سەرجەم موڵک و ماڵى حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە تا وەک سەرچاوەیەک بۆ داهاتى گشتى مامەڵە بکرێت.
دوانزەیەم: وەرگرتنەوەى قەرزە بازرگانییەکان لە لایەن وەزارەتى دارایى و ئابوورى لەبەر رۆشنایى یاساى چاکسازیی.
سێزدەیەم: پەسەندکردنى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی دابەشکردنى کارەبا و کۆکردنەوەى کرێى بەشداربووانى کارەبا لە لایەن کەرتى تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت.
چواردەیەم: پەسەندکردنى پرۆژەى کڕینەوە و بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانى هەرێمى کوردستان لە لایەن کەرتى تایبەت لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.
پازدەیەم: داشکاندنى ڕێژەیەک لەو پێشینانەى حکومەت کە لە لای هاووڵاتیانە (پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیریی و قەرزى بچووک) بە مەرجێک هاووڵاتیان ئامادە بن تا ڕۆژى 15 ى حوزەیرانی 2020 تەواوى بڕى پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکومەت.
سووککردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون 
یەکەم: لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیکە، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاریبهێنێت بەهۆی داخستن بەپێی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا یان قەدەخەی هاتووچۆ.
دووەم: بەخشینی هاووڵاتیيان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی تێدا دراوە وەک رێکاریی خۆپارێزیی.
سێیەم: دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتيیان بۆ بەرژەوەندی دامەزراوەی حكومی و شارەوانيیەكان بۆ ماوەی قەدەخەی هاتووچۆ بەبێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.
چوارەم: لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارە.
پێنجەم: بڕی (15%) دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15-06-2020.
شەشەش: پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكیيەكانی تر كە دەكەونە ژێر باری  باجی داهات ، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ وەدەستهێنانی داهات كەدەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانیيەوە.
دەستپێکردنەوەی دەوام
ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
یەکەم: دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران تەنیا لە دیوانی وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لە رێککەوتی 6-05-2020ـەوە.
دووەم: وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و رێکخستنی دەوامی فەرمانبەران بەپێی پێویست و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە 11-05-2020.
سێیەم: فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردن و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.
چوارەم: هاووڵاتییان لە دوای 11-05-2020 دەتوانن سەردانی فەرمانگەکان بکەن بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان .
لامەرکەزی ئیداری
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردن بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی لە سەرجەم پارێزگاکان بەبێ جیاوازی و بەو شێوەیەی لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا هاتووە بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
Back to top button