وەزارەتی خوێندنی باڵا : ئەگەری هەیە 30 ئایار پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە

 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ، لە دوای هەڵسەنگاندنی باروودۆخ و ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ، بڕیاری دا ، ئەگەر بەمشێوەیە تووشبوون بە کۆرۆنا ڕوو لە کەمی بێت ، پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان و دامەزراوەکانی دیکە لە 30 ئایارەوە دەست پێدەکاتەوە .

 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە بە سەرپەرشتی محەممەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستی پێکرد پرسی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێو کامپەس تاوتوێ کران و ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی بڵاو کراوە .

 

 

دەقی بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:

 

1- ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەمشێوەی ئێستا رووو لە باشبوون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێو کامپەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا لە 30ی ئایاری 2020 دەستپێدەکاتەوە.

 

2- خوێندنی ئەلیکترۆنی (پاڵپشتیکار) لە ئێستادا بەردەوام دەبێت تاوەکو دەستپێکردنەوەی خوێندنی نێو کامپەس، لەدوای ئەوەش پاڵپشت بە خاڵی (9) لە بڕگەی سێیەمی ماددەی هەژدەیەم لە یاسای ژمارە (10)ی ساڵی (2008)، خوێندنی ئەلیکترۆنی هاوشانی خوێندنی ئاسایی نێو کامپەس پەیڕەودەکرێت، هاوشێوەی زانکۆ جیهانییەکان و بەمەبەستی دانەبڕانی خوێندکاران و قوتابیان لە سیستمە ستانداردە جیهانییەکان و تەکنەلۆجیای سەردەم.

 

3- ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵنامەی زانکۆی بۆ تەواوکردنی پرۆگرامی ساڵی خوێندنی (2019-2020) رێکخستەوە، هەروەها لە چوارچێوەی سەربەخۆیی کارگێڕی، زانکۆکان دەسەڵاتیان پێدرا بۆ گونجاندنی ساڵنامەکە لەگەڵ سیستەمی خوێندن و تایبەتمەندێتیی زانکۆکان.

 

4- بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا سنووردارەی زانکۆ حکومییەکان، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی لەبارەی پلانی وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) کرد، هەروەها کۆبوونەوەکە بە وردی تیشکی خستەسەر ئەو ئاڵنگاری و کێشە و گرفتانەی کە دێنە رێی زانکۆکان لە خوێندنی ساڵی داهاتوودا، وەکو کەمیی هۆڵ و تاقیگە و بەشی ناوخۆیی و توانا ماددی مرۆییەکان، هەروەها لەمپەرەکانی بەردەم سەربەخۆیی دارایی زانکۆکان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخانکرد بۆ پێداچوونەوە بە پلانی پێشکەشکراو لەلایەن زانکۆکان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هاتووەتە پێشەوە، لەپێناو رەخساندنی زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی (12)ی ئامادەیی، بۆ ئەمەش ئەنجوومەنی وەزارەت جەختیکردەوە کە بەوپەڕی تواناوە وەزارەتمان بەشێک دەبێت لە چارەسەری ئەم پرسە.

 

سەرجەم بڕیارەکانى کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزارەت، سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە.

Back to top button