پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چوار پەرلەمانتار كۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چوار پەرلەمانتار كۆبێتەوە.
دانیشتنەكەی پەرلەمان كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت و بەپێی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكەش تایبەتە بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چوار پەرلەمانتار.
بە گوێرەی نووسراوێكی پەرلەمانی كوردستان، كە واژووی هەریەك لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، هێمن هەورامی و سكرتێری پەرلەمان، مونا قاوەچی لەسەرەو رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان واژووی لەسەر نەكردووە، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی چوار ئەندام پەرلەمان دەخرێتەڕوو، ئەوانیش، (ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن، عەلی حەمە ساڵح، شیرین ئەمین عەبدولعەزیز، سۆران عومەر سەعید)
هاوكات هەر بەپێی نووسراوەكە بڕگەی دووەمی دانیشتنەكە، خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە بڕیاری پێشكەشكردنی پێشنیازەیاسا و پێشنیازە بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان بە دەر لە حوكمی ماددەی 82ی پەیڕەوی ناوخۆ دەدرێت.