ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بۆ مەلا بەختیار: پێویستی نەدەكرد لە دۆسیەیەكی تەشیر و بوختان تەداخوڵ بكەیت

ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەبارەی نووسینەكانی مەلا بەختیار لەمەر تەشیر و جنێو و تۆمەتەكانی سۆران عومەر دەلێت” مەلا بەختیار پیاوێكى خوێنده‌وارە، نه‌ده‌بوایە ته‌داخولى شتێكى وا بكات و ته‌كلیف بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوی زڕێندراوە و مافی خۆیەتی لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات هەروەها دەشلێت” کە ئەوەی مەلا بەختیار داوای دەکات لە قانووندا هیچ جێگەیەکی نابێتەوە و ناکرێت پەرلەمانتار بەبێ هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی ببرێتە بەردەم دادگا، داواکاری گشتیش داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی کردووە نەک سەرۆکی حکوومەت.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی جەختیشی کردەوە کە هەڵگرتنی پارێزبەندی بابەتێکی سرووشتییە و لە پەیڕەوی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە و هەبووە و خودی پەرلەمانتارانی یەکێتیش کاتی خۆی دەنگیان پێی داوە دەشلێت”کە مەلا بەختیار لە پەیامەکەی پێشووی و ئەمجارەش پەلەی کردووە، چونکە ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، پەیڕەوکردنی دیموکراسیەتە و دژی بنەماکانی دیموکراسی نییە. ئەمە ”جگە لەوەی کە هەر خودی براده‌رانى یه‌كێتى لە رابردوودا سۆران عومه‌ریان به‌ تاوانباری پەلامارەکەی خێڵی حەمە و سه‌ربڕىنی چه‌ند پێشمه‌رگه‌کانی حزبەکەی خۆیان تۆمەتبار کردووە، خێره‌ ئێستا ئه‌و هه‌موو پشتیوانییە؟ ئەگەر سۆران پەرلەمانتاری یەکێتی بوایە هێندە بەرگرییان لێ نەدەکرد“.

بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەبارەی 23ی حوزەیران ئەوەی وەبیر هەموو ئەوانە هێنایەوە کە ئێستا موزایەدە بە بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی سۆران عومەر دەکەن و گوتی: ”لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥، یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ گەلەکۆمەکییان کرد و بە ناوی زۆرینەی پەرلەمانییەوە شەرعیەتیان بە خۆیان دەدا پێشێلی بنەمای سازان بکەن لە بابەتێکی زۆر هەستیار و چارەنووسساز کە رەهەندی نیشتمانی هەبوو، کەچی ئەمڕۆ لە بابەتێکی یاسایی زۆر سادەی وەک هەڵگرتنی پارێزبەندی، باسی یەکڕیزی و سازان دەکەن، هەروەها دەشلێت” ئەوانەی ئێستا بۆ چەواشەکردنی خەڵک و بانگەشەی بێبنەما دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هاتوونەتە دەنگ، هەر ئەوانەن کە ساڵانێکە بانگەشەی سەروەریی یاسا دەکەن، لە کاتێکدا ”خۆیان باش دەزانن سەروەریی یاسا هەر ئەوەیە کە ئەمڕۆ کرا و هاووڵاتییەکی ئاسایی و پەرلەمانتار و بەرپرسێک وەک یەکن لەبەرامبەر دادگادا“.

Back to top button