سكرتێری پهرلهمانی كوردستان: وهڵامی ئهو لایهنانه دهداتهوه كه هێرش دهكهنه سهر پێكهاتهكان
لە راگەیەندراوێكی نوسینگەی سکرتێری په رله مانی کوردستاندا، وەڵامی هەڵوێستی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و چەند پەرلەمانتارێكی دیكە دراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردوە “بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهاتوە سیاسەتی پێکهاتەکان دیاریبکات و باس لە ماف و بەرژەوەندی پێکهاتەکان بکات”.
دەقی راگەیەندراوەكە:-
دوا بەدوای بەرێوەچونی دوایین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار، دەبینین کە هەندێ لایەن و پەرلەمانتار بەمەبەست هەندێ لێدوان و قسەی بێ بنەما و بازاری لەسەر پێکهاتەکانی کوردستان دەکەن، دەیانەوێت فەشەلی سیاسی و هەڵەکانیان بەو هەوڵە بچوک و لەرزۆکانە بشارنەوە و رای گشتی بەلارێدا بەرن، بەشداری پێکهاتەکان لەدانیشتنی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە کە هەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان دەنگیان پێداوە، بۆ بەرقەراربونی سەروەری یاسا بوە، بۆیە بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەهاتوە سیاسەتی پێکهاتەکان دیاری بکات و باس لە ماف و بەرژەوەندی پێکهاتەکان بکات، پێکهاتەکانی کوردستان، پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەم نیشتیمانەن و لەدێر زەمانەوە هاوشانی گەلی کورد پێکەوە ژیان و بەشداری خۆشی و ناخۆشیەکانی کوردستانیان کردوە.
سەبارەت بە کورسی کۆتای پێکهاتەکان، مافێکە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە بۆ پێکهاتەکان، نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان دەکەن و ئەوەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان بێت درێغی لێ ناکەین و لە داهاتوشدا هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبین لە سیاسەتی خۆمان، باسکردنی رێژە و ژمارەی دەنگدەران و بەراوردکردنی بەژمارەی دەنگدەری ئەندامی لایەنێکی سیاسی تر بەتەواوی رەتدەکەینەوە و کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان لەهەرێمی کوردستان و کەم بەهاکردنی کورسی و دەنگدەری پێکهاتەکانە.
مونا قەهوەچی وتیشى” پێکهاتەکانی کوردستان مافی خۆیانە هاوپەیمانی هەر حزب و لایەنێکی سیاسی بکەن لەپێناو پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانیان و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیان، بۆ ئەو کەس و لایەنانەش کە بۆ داپۆشین و بەلارێدابردنی شکستەکانیان هێرشی نارەوا و دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی سیاسی دەکەنە سەر نوێنەرانی پێکهاتەکان باشترە خەریکی چاکردنی هەڵەی سیاسی و کێشەکانی خۆیان بن.
ئێمە بەردەوام دەبین، سیاسەت و بەرنامەی کاری پەرلەمانیمان بەم شێوەی کە خۆمان وەک پێکهاتەکان پێمان باشە درێژە پێدەدەین و ئەوەی لە بەرژەوەندی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بێت دەیکەین.
سەرکەوتن بۆ کوردستان و سەربەرزی بۆ شەهیدانمان
8ی ئایاری 2020
نوسینگهی سکرتێری پهرلهمانی کوردستان