مهسرور بارزانی و وهزیری وزهی ئهمهریكا پێشكهشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ ههرێم و عێراق تاووتوێ دهكهن
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریكا، پێوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجام دا و گفتوگۆیان لەبارەی حكوومەتی نوێی عێراق و ئەو میكانیزمانە كرد كە ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆیانەوە دەتوانن هاوكاری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن.
ئێوارەی دوێنێ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دان برولیێت وەزیری وزەی ئەمەریكا، پێوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
لە پێوەندییەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرا، هەروەها لێكەوتە ئابوورییەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ كران.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوخەمیی خۆی لەگەڵ خەڵكی ئەمەریكا بەهۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بەهۆی كۆرۆناوە دەربڕی.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی پەڕەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری وزەدا. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق و ئەو میکانیزمانە کرا کە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆیەوە دەتوانن هاوکاری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن.