وەزیری ناوخۆی عێراق هەڕەشەی دەستبڕینی ئەوانە دەکات کە پۆستەکانی وەزارەتەکەی دەفرۆشن

وەزیری ناوخۆی تازەی عێراق هەڕەشەی دەستبڕین لەوانە دەکات کە دەیانەوێ پۆستەکان لە نێو وەزارەتەکەی بفرۆشن.

عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە پەرلەمان متمانەی پێدرا، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی ناوخۆ باسی بابەتی گەندەڵی و کڕین و فرۆشتنی پلە و پۆستەکان لە وەزارەتەکەی کرد و هۆشداری دەستبڕینی بەو کەسانەدا کە ئەو کارە دەکەن.

غانمی وتی: نابێت ئەفسەر و پلەدارەکان پێچ و پەنا بکەن و هەوڵی کڕینی پۆستەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بدەن و بەسەر خەڵک پاك و بێگەردەکان بازدەن و پۆستەکان بەدەستبهێنن، من زۆر بە راشکاوی قسە دەکەم و لە ئەمڕۆوە ئەو بابەتە کۆتایی هات، هەر کەسێک ئەو کارە بکات بە یاسا دەستی دەبڕم.

هەروەها غانمی وتی: دەبێت ئەم ماوەیە خزمەتی میللەتەکەمان بکەین، با گەلەکەمان هەست بکەن حکومەتێک هەیە و خەڵکانێک هەن دەیانپارێزن، چونکە ئەگەر ئێمە یاسا جێبەجێ بکەین، ئەوە سەرکەوتوو دەبین.

Back to top button