توركیا په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم به‌ گرنگتر ده‌زانێت

خواكوڕك

رۆژی شه‌ممه‌ 7/1/2017 بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ عێراق و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌ و رێكه‌وتنێكیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌ ئابووری و سیاسی و ئه‌منیه‌كان واژۆ كرد.

پێشتر سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەو دۆسیانەی عەبادی و یڵدرم بڕیارە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، هەولێر لێیان ئاگادارە، هەروەها ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی ئەنقەرە و بەغدا لەسەر حیسابی هەرێمی کوردستان نابێت، و سەردانەکەی یڵدرم لەسەر پێشنیازی نێچیرڤان بارزانی بووە.

دوای كۆتایی هاتنی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، دره‌نگانێكی شه‌وی رابردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا به‌ فرۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی حكومی پێشوازی لێكرا و بڕیاره‌ ئه‌مرۆش كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێت.

بڕیاره‌ ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8/1/2017 چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی ئه‌منی و ئابووری و سیاسی رێكبكه‌ون.

وته‌بێژی حكومه‌ت راشیده‌گه‌یه‌نێت، کەسی دووەمی تورکیا دۆسیەی هەستیارەکانی پێیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ خاوەن بڕیارەکانی باشووری کوردستان، قسەی یەکلایکەرەوە لەسەر ئەو کەیسانە دەکرێن، کە دەمێکە هەولێر و ئەنقەرە پێیانەوە سەرقاڵن، وەکو هەڕەشەی تیرۆر و پرسی سووریا و قەیرانی دارایی.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵیه‌ عێراقیه‌كان، سه‌رجه‌م رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی توركیا كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 9 خاڵ، سروشتێكی لاستیكی هه‌یه‌ و له‌ئه‌گه‌ری جێبه‌جێنه‌كردنی هه‌ر خاڵێك، یان بوونی گومانێكی سیاسی، سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی نێو رێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و كۆتاییان دێت.

Back to top button