وەڵامێك بۆ كاك شۆڕش ئه‌نوەر)ـی ڕاگەیاندنكاری ئـٔیسلامی

چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەڕێزێك بە ناوی (شۆڕش ئەنوەر) كە پێدەچێ ڕاگەیاندنكارێكی حزبێكی ئیسلامی بێت بابەتێكی لەژێر ناوی (سوپاس پارتی) بڵاو كردووەتەوە و وای پێشان داوە كە نووسینەكەی دەرخەری هەستی زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمە لە بەرانبەر پارتیدا كەچی نووسینەكەی ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و بۆچوونی ئەو حزبانەیە كە لە ساڵی 2018ـدا خەڵك دەنگی پێ نەدان.
گلەییەكانی كاك شۆڕش گلەیی هێز و لایەنە سیاسییەكانە نەك خەڵكی كوردستان. من بەش بە حاڵی خۆم ئەوەم بۆ یەكلا بووەتەوە كە هەڵبژاردن تاكە ئامرازی شەرعییە بۆ ئەوەی حزبەكان پێگەی خۆیان لە ناو خەڵك و ئاستی ڕەزامەندیی خەڵك تاقی بكەنەوە. لە هەر دوو هەڵبژاردنەكەی پێشووی عێراق و كوردستاندا حزبەكانی كاك شۆڕش متمانەیەكی ئەوتۆی خەڵكیان بەدەست نەهێنا. بۆیە لەبری ئەوەی گلەیی لە پارتی بكەن باشتر دەبوو بەدوای ئەو هۆكارانە ڕۆییشتبا كە بۆچی خەڵك دەنگیان پێ نەدان و لە بەرانبەردا گەل پارتییان پاداش كرد. پاداشكردنەكەی پارتیش بە هۆی هەڵوێستە نەتەوەییەكانی بووە و بە هۆی ئەوە بووە كە پارتی پێچەوانەی حزبەكان بە تەنیا شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتی. كەچی ئەوانی تر تەنیا لە دەستكەوت و سەركەوتن و ئیمتیازدا شەریكن و لە قەیران و كێشەكاندا خۆیان دەدزنەوە و تەنانەت دەبنە كۆسپ و تەگەرە و بارگرانییش.
كاك شۆڕش باسی ئەوەی كردووە كە دوو ساڵە پارتی لە دوو پارێزگا دەستی دەڕوات. بەداخەوە دوو ساڵ نیە حوکمڕانی پارتی تەنھا دوو پارێزگای ھەرێمە، بەڵکو دەمێكە حوكمڕانی موتڵەقی سلێمانی حزبەكانی كاك شۆڕشن. ھەرچەندە ئێمە بەو جیاکاریە نیگەرانین دەمانویست پرۆسەی دیموکراسی ھەرێم زیاتر بەرەو پێش بچووبایە و ھەڵبژاردن و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پێوەری حکومڕانی ھەر حزبێکیان دیاری کردبا. ئەی ئەگەر هەڵبژاردن نەبێتە سەنگی مەحەك، كاك شۆڕش چ پێوەرێكی تری لە خەیاڵ دایە؟ مەگەر هەموومان باسی دیموكراسی ناكەین؟ خەڵك بیری نەچووە یەكەم كەس كە بانگەوازی كرد شەرعییەتی شۆڕشگێڕی لە كوردستان ببێتە شەرعییەتی دەستووری سەرۆك بارزانی بوو كە لە 1991 داوای هەڵبژاردنی كرد. پێمان بڵێن، پارتی چ تاوانێكی هەیە كە لایەنەكانی تر بە دیموكراسی ڕازی نین و بە ئاشكرا دەڵێن یەك كورسیشمان هەبێت ئێمە هەر هێزی فیفتی فیفتین.

بەڵێ ڕەنگە كاك شۆڕش لەوەدا ڕاست بێ، پارتی تەنیایە. تەنیابوونی پارتی بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەكانییەوەیە. پارتی بەرنامەی لەناوبردنی ئەوانی تری نییە بەڵكو ئەوانی ترن خەونی لەناوبردنی پارتییان هەبووە و هەیە. پارتی پشتئەستورە بە خەڵکی کوردستان بۆیە سەرباری دەیان پیلان و گەلەكۆمەكێ كەچی هەمیشە حزبی یەكەم و جێگەی متمانەی خەڵك بووە.
لەبارەی ریفڕاندۆمیشەوە، ئێمە بە پێچەوانەوە دەیبینین، پارتی ئەو ترس و رەچەیەی شکاند کە پێشتر ھەبوو، باوەڕ بەخۆبوونی بۆ تاکی کورد گەراندەوە کە چیتری لە نەتەوەکانی تر کەمتر نیە، ریفڕاندۆمیش گەورەترین دەستکەوت و سەرکەوتوترین پرۆسە بوو کە تەواوی خاکی کوردستانی گرتەوە، ئەو ناپاكییەی كراش تەنیا ناپاكی نەبوو بەرانبەر پارتی بەڵكوو ناپاكی بوو بەرانبەر تاك تاكی نەتەوەی كورد. نەمانبینی حزبەكانی كاك شۆڕش هەڵوێستێكیان لەمەڕ خیانەتكاران هەبێت. لەوەیش بترازێ بینیمان پاش ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر چۆن كەوتنە گیانی هەرێم و هەوڵی لاوازكردنی حكوومەتیان دا و ڕێنیشاندەری بەغدا بوون بۆ سەپاندنی زیاتری سزاكان.
بەڵێ كاك شۆڕش ئەوەی كرا زۆر گەورە بوو و هەرگیز لەبیر ناكرێت. لەبیر ناكرێ كە چۆن ڕاوێژیان دا بە مالكی بۆ ئەوەی قووتی خەڵكی كوردستان ببڕێ و كوردستان بكەوێتە سەر ئەژنۆ. لەبیر ناكەین لەشەڕی داعشدا ڕاگەیاندنەكانی حزبەكانی كاك شۆڕش چۆن شەڕی دەروونییان لەگەڵ پێشمەرگە دەكرد. پارتی هەموو ئەوانەی تەحەمول كرد چونكە خۆی بە خاوەنی كێشەكە و بەرپرسیار دەزانێت لە ئاست چارەنووسی گەلی كورد.
ئەگەر هەموو شتێك لەسەر ڕێگەی دروست با نەوە تازەكانی یەكێتی لەبری گەڕانەوە بۆ زبری و جنێو دەبووایە كاریان بە دووایین نامەی خوالێخۆشبوو مام جەلال كردبا بۆ سەرۆك بارزانی. دەبوایە بۆ هەژموونی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری گەڕابانەوە نەك بچنە باوەشی هەژموونی دەزگە هەواڵگرییەكانی ناوچەكە.
ئێوە لە وەھمدا دەژین ئەگەر پێتان وابێ لەعێراق گۆڕەپانی سیاسی لەپارتی بچوک بوبێتەوە، ئەوەی لای پارتی گرنگ نیە بابەتی پۆستە لەبەغدا، کێشەی کورد و قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەبوونی وەزیرێک و دوو وەزیر گەورەترە، کاتێک پارتی بێدەنگی دەکات لەوەرگرتنی پۆستی وەزارەتێک یان قوربانی پێدەدات، ئەوە بۆ چنینەوەی دەستکەوتی گەورەترە، مەگەر نابینن کە رەتکردنەوەی کابینەی محمد عەلاوی و دەستنیشانکردنی مستەفا کازمی، پارتی رۆڵێ گەورە و یەکلاکەرەوەی تێدا بینی!

Back to top button