دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تاوتوێ کرا
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەرێوە چوو، چەند تەوەرێک تایبەتی دۆخی دارایی قسەی لە سەر کرا .
لە کۆبوونەوەکە دا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێرای پیرۆزبایی لە پێکهتنی کابینەی نوێی حکومەتی حێراق هیوای خواست کێشەهەڵپەسێراوەکانی بەگدا و هەرێم هەرچی زووتر بە کۆتایی بگات .
هاوکات باس لە هاتنە خوارەوەی نرخی و نەوت کاریگەریەکانی کۆرۆنا بە سەر دۆخی ئابووری جیهان و کوردستانەوە کرا و بڕیاردار ئەو توانا داراییە سنووردارەی لە بەردەست دایە خۆی لە گەڵ بگونجێنن و کۆی گشتی دۆخی ئابووریش بە پێی گۆڕانکارییەکان رێکبخرێتەوە.
هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی دەدات و هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حوکمڕانیکردن تەنیا مووچە دابەشکردن نییە بەڵکو پێویستە هەوڵ بدەین خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووریش ئەنجام بدرێت ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوەی دۆخی ئابووریمان هەیە.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی خستە بەر باس ، جەختیشی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان لە گەڵ حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامە تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی رەشنووسی چەند پڕۆژە یاسایەک کرد لە بوارەکانی (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان، پرۆژە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، و پرۆژە یاسای ماف و ئەركەکانی نەخۆش) و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش راسپێردران بۆ گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی ئەو یاسایانە بە مەبەستی بڕیاری کۆتایی وڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان.