پەرلەمانتارێك : تا ئێستا 44 کەس خۆیان بۆ پۆستی وەزیری نەوتی عێراق کاندید کردووە

پەرلەمانتارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، 44 کەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوتی عێراق کاندید کردووە.

سەفا غانم پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاندووە، تائێستا 44 کەس خۆیان بۆ پۆستی وەزیری نەوتی عێراق کاندید کردووە، دوای دەنگدان لەنێو پەرلەمانتارانی پارێزگاکە سێ کەس بۆ پۆستەکە یەکلادەکەنەوە و ناوەکانیان راده‌ستی مستەفا کازمی سەرۆك وەزیران ده‌كه‌ن.

پێشتر نوێنەرانی بەسرە لە پەرلەمان، هەڕەشەی بایکۆتکردنی دانیشتنی دەنگدان بە کابینەکەی کازمییان کردبوو، ئەگەر پۆستی وەزارەتی نەوت، پشکی پارێزگاکەیان نەبێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 6-5-2020، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە 15 وەزیری کابینەی نوێی حکوومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، بەخشی، بەڵام دیاریکردنی وەزیری وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە، دواخرا.

Back to top button