سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی ئەمەریکا دەکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر کرد
لە و کۆبوونەوەدا دوولایەن وێرای ئەوەی دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان کرد ، کونسوڵی ئەمەریکا رێکارە سەرکەوتووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەک پلانی رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا بە ئەرێنی وەسف کرد .
هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی دۆخی سەختی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستانی هێنایە بەر باس ، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم پلانی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەسەند کردووە و بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکانیش ڕەوتێکی نوێ دەگرێتە بەر .
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر ، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور بۆ ئەوەی مافی هەموولایەک پارێزراو بێت .
لە کۆتاییدا دوولایەن هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەمەلایەنە و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت داوای کرد بەرێکاری دیپلۆماسی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی لە ئێستادا بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە .