سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەكات
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
بەبۆنەی پەنجاو هەشتەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
لە مێژووی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، ڕۆڵی نیشتیمانپەروەرانەی مامۆستایانی كوردستان هیچكات لەبیر ناكرێت. ئەوان لەپاڵ ئەرك و پیشە پیرۆزەكەیاندا چەكی بەرگریكردن لە خاك و نیشتمانەكەیان لە شان بووە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهیدی نەمریان پێشكەش بە كوردستان كردووە.
لە سەخترین رۆژگارەكانی میللەتەكەماندا مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت و سەرباری بوونی قەیران و كێشەی گەورە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست.
لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێكی دیكە سوپاسی ماندووبوون و هەوڵی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەم و هیوای پێشڤەچوون و بەردەوامی بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
15ـی 5ـی 2020