دوو نەخۆشی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر چاکبوونەوە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، دوو تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو تووشبووانەی لە هەرێمی کوردستان چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە 379 کەس.

د. دلۆڤان محەممەد فاتح بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند “دوو نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID – 19 دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستییان تەواو جێگیربووەتەوە، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەکیان بۆ کرایەوە کە نێگەتیڤ بوو، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە”.

بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، کۆی گشتیی ئەوانەی لە پارێزگای هەولێر لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە 204 کەس.

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 397 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 379 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.

دەقی راگەیێندراوی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر:

ڕاگەیەندراوێک بۆ هاوڵاتیانی شاری هەولێر

• هاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر پێتان ڕادەگەیەنین کە (۲) نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID – 19 دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستییان تەواو جێگیر بۆتەوە، وە پشکنینی تایبەتی یەکیان لەدوای یەکییان بۆ کرایەوە کە نێگەتیڤ بوو و بڕیاردرا بنێردرێنەوەماڵەوە.

• کۆی گشتی چابووەکان گەیشتە (۲٠٤) کەس.

• سوپاسی پابەندبوونتان دەکەین بۆ ڕێنماییە خۆپارێزییەکان، جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان زامنی زاڵبوونمانە بەسەر ئەم پەتا جیهانیە.

• زۆر سوپاسی ماندووبوونی تەواوی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و تەواوی هێزەکانی ناوخۆ دەکەین کە پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتیان دەکەن.

د. دلۆڤان محمدفاتح جلال
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر
۱٥ی ئایاری ۲٠۲٠

Back to top button