پارتی گەلی توركمانی وەڵامی تووندی هێنانی هێزی عێراقی بۆ كەركووك دەداتەوە
خواكوڕك
لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ خواكوڕك نێردراوە، پارتی گەلی توركمانی بەتووندی وەڵامی ئەو داواكارییانە دەداتەوە كە باس لە هێنانی هێز بۆ كەركووك دەكەن و رایدەگەێنێت كە پێشمەرگە هێزی پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كەركووكە و بۆیە پێویست ناكات هیچ هێزێك بۆ كەركووك بهێنرێت.
وەك لە بەیاننامەكە هاتووە، پێشمەرگە بە ئازایەتییەکی زۆرەوە لە ناوچەکە بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی، بەرگرییەکی بێ وێنەی کردووە و قوربانی بە سەدان فەرماندە و پێشمەرگە داوە، لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بەبێ جیاوازی. پارتی گەلی تورکمانی، هەڵوێستەکانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تاریکی و کۆنەپەرستەکان. جەخت دەکەینەوە کە پێشمەرگە لەبیر ناکەین، چونکە لە مەترسیدارترین قۆناغی مێژووییدا بەرگری لە ناوچەکە کرد“.
هەر لەراگەیاندراوەكەدا پارتی گەلی توركمانی دەلێت، ئەو خوێنەی پێشمەرگە داویەتی، بە هەندێک بانگەشە لەبار نابردرێت کە ئامانجی جگە لە لێدانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان کورد و تورکمان و دروستکردنی ئاژاوەی نەتەوەیی زیاتر نییە. هیچ پێویستییەکیش بۆ هەندێک داواکاری لەلایەن هەندێک سیاسی نییە کە داوای هێزی زیاتر دەکەن، یان داوای پێکهێنانی هێزێکی سوپا یان هێنانی هێزێک لە بەغداوە دەکەن، پێمانوایە ئەگەر ئەوە بکرێت، کێشەکان زیاتر دەکەن و ئاڵۆزیی زیاتر دروست دەبێت“.
هەروەها ئەو پارتە توركمانیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، دەرگای خۆبەخشی لەبەردەم گەنجانی تورکمان بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا خزمەت بکەن و ”شەرەفی بەشداریکردن لە بەرگریکردن لە ناوچەکانیان پێ بدرێت. بەوەش جەخت لەو پەیوەندییە مێژووییە بکەنەوە کە کورد و تورکمان بەیەکەوە دەبەستنەوە، جەخت لەسەر مانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک دەکەینەوە چونکە بەرگری لە تەواوی نەتەوەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی کردووە“.
شایانی باسە پێشتر ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی داوای لە حکوومەتی عێراق کردبوو، لە بەغداوە هێز بۆ کەرکووک بنێرێت.