وەزارەتی تەندروستی: لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان تۆمار نەکراوە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە 24 کاژێری رابردوو بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، پاش ئەنجامدانی هەزار و 157 پشکنین، دەرکەوتووە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە.
وەزارەتی تەندروستی راگەیێندراوی ژمارە 81 لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، لە 24 کاژێری رابردوو 298 هاووڵاتی کەرەنتین کراون و ئێستا هەزار و 112 کەس لە کەرەنتین ماونەتەوە کە لە 32 شوێنی جیاوازن.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەشدەکات، تاوەکو ئێستا 397 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 379 کەسیان چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. ئێستا تەنها 13 تووشبوو لەژێر چاودێریی پزیشکدا ماونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەشدەکات، کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 58 هەزار و 563 پشکنینن.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی:
ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٨١)
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:
1. کەرەنتین
تاوەکو ئەوڕۆ (١٠٩٠٨) هاووڵاتی “ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان” کەڕەنتین کراون، لەئێستادا تەنها (١١١٢) هاووڵاتی لە (٣٢) شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ (٥٢٧) لە هەولێر، (١٨٥) لە سلێمانی، (٣٩٩) لە دهۆك، (١) لە ڕاپەرین. وە (٩٧٩٦) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ وە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین، لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کە کۆی گشتیان (٢٩٨) هاووڵاتی بوو.
2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا؛ (١١٥٧) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (٤٧١) هەولێر، (٤٥٩) سلێمانی، (٢٢٧) دهۆك، (٠) هەلەبجە دەرەنجام هیچ تووشبووی نۆێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
(کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (٥٨٥٦٣) پشکنین بووە)
3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (٣٩٧) تووشبوو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیە و (٣٧٩) نەخۆش چاکبووەتەوە، وە ئێستا تەنها (١٣) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەلەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٥ی ئایاری ٢٠٢٠