ژمارەیەك کۆڵبەری كورد بەدەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی رۆژانی ڕابردودا نزیکەی شەش کۆڵبەری کورد لە سنورەکانی هەورامان، شنۆ و چالدێران لە کاتی کۆڵبەریدا گیانیان لە دەستداوە یان بریندارکراون.

رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی تەمەن 25 ساڵ، کە خەڵکی شاری (شنۆ) یە لەکاتی چوون بۆ کۆڵبەری کەوتووەتە ناو ڕووباری گادەر و گیانی لەدەستداوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ملەی تەتەی هەورامان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.

تا ئێستا ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانە، کە خەڵکی گوندی بندۆڵە ئاشکرا بووە، لە ئیستادا بە مەبەستی چارەسەر کردن ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە کراون.

Back to top button