لیژنەیەكی ئابووری هاوبه‌ش لەنێوان حكومه‌تی هەولێر و ئەنقەرە پێكدەهێندرێ

خواكوڕك

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 8/1/2017 كۆبوونه‌وه‌ی نێوان بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ومه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا و دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان له‌ ته‌لاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدرا.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا یلدرم رایگه‌یاند، “په‌یوه‌ندی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر سێ بنەمایە، کە یەکەم شەڕی دژی تیرۆرە، دووەم پەیوەندیی ئابووریی و وەبەرهێنانە و سێیه‌میش په‌یوه‌ندی سیاسیه‌ و دەکرێت زیاتر کاری لەسەر بکەین”.

بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا رایده‌گەیه‌نێت “لیژنەیەكی ئابووری لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە پێكدەهێندرێ، هەر ئەو مانگە كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەموو پشتیوانییەك لە ئابووری هەرێمی كوردستان بكرێت و لەو دۆخە سەختەی ئێستا تێیدایەتی، رزگار بكرێت، هەموو وەزیرەكانیش كار لەسەر رێگەچارەكان دەكەن”.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌كه‌دا یه‌ڵدرم رایگه‌یاند، “توركیا دەرگای كراوەیە بۆ هەموو ئەو نەخۆشانەی لێرە(هەرێمی كوردستان) چارەسەریان نییە، بهێندرێنە توركیا و چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێت”. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “پێكەوە لەگەڵ هەولێر لە بوارەكانی وزە و گواستنەوە و گەیاندن کاردەکەین”.

رۆژی شه‌ممه‌ 7/1/2017 مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد كه‌ تیایدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، به‌شداریان تیادا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند، پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت و ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاكسازیه‌وه‌ هه‌بێت. دواتر بڕیار درا کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ـی١ـی٢٠١٧ لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئه‌نجام بدرێت.

Back to top button