ئەمریكا, سەردانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ كوردستان زۆر گرنگ بوو

خواكوڕك
دوای ئەوەی دوێنی بیناڵی یڵدرم بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا, لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێكرا، كۆمەلێك باسی هەنووكەی بوونە تەوەری گفتوگۆكانی نێوان سەرۆك وەزیرانی هەردوو وڵات, كە سەر ئەنجام رێككەوتنێكی نۆ خاڵی لێكەوتەوە كە خاڵەكان پەیوەستن بە (كشانەوەی پەكەكە لە شنگال وپرسی هێزەكانی توركیا لە باشیك و دۆخی موسڵ لە دوای داعش و دۆسیەی نەوت و ئابوری عێراق ).
پاشان یڵدرم لە درەنگانی شەوی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن (نێچیرڤان بارزانی ) سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا, دواتر یڵدرم لەهەولێری پایتەخت بە جیا لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە .
لە هەرێمی كوردستان تەوەری كۆبونەوەكانی ( بینالی یڵدرم ) لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی هەرێم بریتی بوو لە پرسی موسڵ لە دوای داعش و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكان و پرسی كشانەوەی پەكەكە لە شنگال و سەبازگەی باشیك .
دوای كۆبونەوەیان لە پایتەختی كوردستان سەرۆكوەزیرانی توركیاو سەرۆك بارزانی پرێس كۆنفراسێك بەڕێوەچوو پاشان سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان لە چیای زەردك بەسەر كردەوە .

شایەنی ئاماژە پێدانە (برێت مەكگۆرك ) نوێنەری تایبەتی ئۆباما لەشەڕی داعش لە لێدوانێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بەگرنگ دەزانێت و دەڵێت:” هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەپێدانی ئەمنیەت لە ناوچەكەدا .

Back to top button