سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە سەرۆكوەزیرانی توركیا كرد
خواكوڕك
ڕۆژی یەكشەممە ٨ـی١ـی٢٠١٧ لە هەولێر، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەریمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای كۆماری توركیا پێكهاتبوو.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی توركیا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسگوزاریی خۆی بەو پێشوازییە گەرمە دەربڕی و سوپاسی بەڕێزان سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كرد كە هاوكار بوون بۆ ڕەخساندنی زەمینەی سەردانی شاندی توركیا بۆ بەغدا كە پێویستە وەك دوو وڵاتی دراوسێ پەیوەندییەكی ئاساییان هەبێت. ئاماژەی بەوەیش دا كە لەبارەی بنكەی مەشقی باشیك، لەگەڵ بەغدا لێكتێگەیشتنیان هەیە.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییەكی دێرینمان هەیە و پێویستە پەرە بەو پەیوەندییە بدرێت بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستادا كە پێشبینی دەكرێت ناوچەكە بەرەوڕووی گۆڕانكاریی ببێتەوە و پێویستە هەردوولا هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ هەر پێشهات و ئەگەرێك.
دواتر بەڕێز بیناڵی یەڵدرم، ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی ئابووری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و پەروەردە و تەندروستی كرد كە توركیا دەتوانێت هاوكاری كوردستان بێت و بۆ ئەو مەبەستەیش ئەو كۆمسیۆنە كارا دەكرێتەوە كە ئەركی پەرەپێدانی ئەو هاوكارییانەیە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندی یاوەری، سەردانەكەیانی بەرز نرخاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی توركیای كرد كە لە ڕابردوودا هاوكاری حكوومەت و خەڵكی كوردستان بوونە و داوای كرد هاوكاری و هەماهەنگیی هەردوولا بەردەوام بن و پەرەیان پێ بدرێت.
سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەو پشتیوانییە كرد كە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكوومەتی عێراق خراوەتەڕوو تا ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوە بچێت و ئاسایش و سەقامگیریی دەستەبەر بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا تەئكید كرایەوە كە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و توركیا پێكەوە بەستراوە و نابێ ڕێگە بدرێت ئەو سەقامگیرییە بكەوێتە بەر هەڕەشە.
دوای كۆبوونەوەكە، بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەرۆك بارزانی، سەردانی بەڕێز بیناڵی یەڵدرم و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و بە پشتیوانیكردنی گەل و دەوڵەتی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان لەقەڵەمی دا. لە بەرانبەریشدا سەرۆكوەزیرانی توركیا باسی سەردانەكەی بۆ بەغدا كرد و بە سەركەوتووی نرخاند و جەختیشی لە پەرەپیدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە و باسی تەحەدییاتی ئەمنی و ئابووری كرد و ڕایگەیاند كە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و توركیا و چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكانی هەرێم، لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێندرێت.
دواتریش نیوەڕۆخوانێك بۆ شاندی میوان ڕێكخرا كە تیایدا بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دكتۆر فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم ئامادەی بوون.
دوای نیوەڕۆ، سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری، بە هاوڕێیەتی بەڕێزان مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە، سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان لە چیای زەرتك بەسەر كردەوە و لەلایەن فەریق جەمال محەممەد، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەوە قۆناخەكانی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگە لەو میحوەرە كە بووە هۆی ڕێگاخۆش كردن بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و پێشڕەویی هێزەكانی سوپای عێراق بۆ ناو شاری موسڵ، خرایە ڕوو.
دواتریش سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندی یاوەری كۆتاییان بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لایەن سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێ كران.