وەزارەتی دارایی 10 رۆژ مۆڵەتی داوەتە كۆمپانیاكان و سەرمایەدارەكان كە پارەی قەرزی حكومەتیان لەلایە

بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی دەزگایی میدیایی خواكوڕك كەوتووە” زیاتر لە دوو هەزار سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیا 780 ملیار دیناری حكوومەتیان لە لایە و نەیانگەڕاندووەتەوە.

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە،بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی بازرگان و كۆمپانیاكان، 10 رۆژ دوای ئاگاداركردنەوە رێكارەكان دەست پێ دەكات، هەروەها دەشلێت” نووسرامان داوەتە بانكەكان بۆ مەسەلەی وەرگرتنەوەی قەرز لە بازرگانان و كۆمپانیاكان كە پێشووتر لە حكوومەت وەریان گرتووە”.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ئەوەشی ئاشكرا كردووە”دوای 10 رۆژ لە ئاگاداركردنەوە، هەر بازرگانێك قەرزەكە نەگەڕێنێتەوە، ئەو موڵك و ماڵە رەهنكراوی، كە لەبری قەرز دایناوە، دەستی بەسەردا دادەگیرێت و دەفرۆشرێت، بەشێك لەو قەرزدارانە لەلایەن بانكەكانەوە نووسراوی ئاگاداركردنەوەیان بۆ چووە، پاش تەواوبوونی مۆڵەتەكە كاری خۆمان دەستی پێ دەکەین، روونیشی كردەوە: “ئەگەرچی قورسە لە ماوەیەكی كەم قەرزەكان وەربگرینەوە، بەڵام ئەمجارە رێكارە ئیداری و یاساییەكانی خۆیان دەست پێكردووە و پاش ئەوەی زانیاری و ئامارەكانمان كۆ كردەوە، نووسراویش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماری خانووبەرەكان بۆ فرۆشتنی موڵكە رەهنەكان دەنێرین”.

 

Back to top button