خەڵکی سلێمانی و لامەرکەزییەکەی یەکێتی

گرێی دەروونی “بەشێک” لە سەرکردەکانی یەکێتی، بەدەر لە ڕەهەندی مێژوویی ململانێکانی ئەو حیزبە لە دژی پارتی کە لەپێش دروستبوونی یەکێتیشەوە هەر لە سەردەمی مامۆستا برایم ئەحمەدەوە هەبووە و قۆناغی جۆراوجۆریشی بڕیوە و ئێستاش فراوانبوونی هەولێریش یەکێکی دیکەیە لە هۆکاری گرێی دەروونی و هەڵچوونی ئەو بەشەی یەکێتی، چونکە خەڵکی سلێمانی لەگەڵ ئەوەی بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕشەکان و قوربانیدان و ڕووبەڕووبوونەوەی بەعسدا هەبووە، لەپای ئەوە وەک پێویست خزمەت نەکراون و دەنگێکی ناڕەزایی زۆریش لە دژی ئیدارەی سلێمانی هەیە و یەکێتیش بۆ ئەوەی شکستی خۆی بشارێتەوە و پاساو بۆ خزمەتنەکردنی شارەکە بهێنێتەوە، سەنگەری لە پارتی گرتووە و کەموکوڕییەکانی خۆی دەخاتە ئەستۆی پارتی.
لە تازەترین مۆدێلی دژایەتی و گوشاردروستکردنیش، یەکێتی پرسی لامەرکەزیی سلێمانی هێناوەتە گۆڕێ، لامەرکەزی لەگەڵ ئەوەی هەندێ لایەنی باشی هەن، بە تایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بە کارگێڕییەوە هەن، وەلێ ئەوەی یەکێتی زیاتر سیاسییە و لە بنەڕەتدا مەبەستی خزمەتکردنی شارەکە نییە، بەڵکوو گەمەیەکی دیکەیە لە دژی پارتی ئەنجامی دەدات، بۆ ئەوەی شتێکی دەستکەوێت!
ئینجا گریمان یەکێتی توانی سیستەمی لامەرکەزیش پەیڕەو بکات، ئەوکات کێشەکانی سلێمانی زیاتر قووڵ دەبنەوە بەوەی توانای ئیدارەدانی شاری سلێمانیان نییە و لە بەرانبەریشدا وەک سرووشتی پارتی وایە، هەولێر زیاتر فراوان دەکات بەجێبەجێکردنی زۆرترین پرۆژە، لە بەرانبەریشدا جارێکی دیکە خەڵکی خۆشەویستیی سلێمانی دەبنەوە قوربانی ئیدارەیەکی دیکەی فاشیل لەژێر تایتڵی لامەرکەزیدا.
ئەو ڕۆڵ و هەڵوێستە نەرێنییەی ئێستا “بەشێکی یەکێتی” لە دژی حکوومەت گرتوویەتیەبەر، پێش ئەوەی زیان لە پارتی بدات کە هاوپەیمان و هاوپێکهێنەری حکوومەتن، رێک زیان لە خودی یەکێتیش دەدات، بەوەی خەڵکی کوردستان بێتاقەتبوون لە موزایەدە و قسەی دروشمبازی ناوەڕۆک بەتاڵ، خەڵک ئێستا خزمەتیان دەوێت و متمانە بە حیزبێک ناکەن خۆی لە بەرپرسیارێتییەکان بشارێتەوە و شکستی خۆی بخاتە ملی حیزبەکانی دیکە کە ئێستا یەکێتی ڕێک ئەوە دەکات، ئەمجۆرە سیاسەتەی یەکێتی گەمەیەکی کەشفە و تاسەر بڕ ناکات و ئەو نەوەیەی ئێستاکە پێش قسە و دروشبازی، پڕۆژە و کار و خۆشگوزەرانی و خوێندن و سەقامگیریان دەوێت و حەوسەڵەی ململانێ و حیزبی نابەرپرسیاریان ناوێت، ئینجا یەکێتی بێ ئەوەی درکی پێ بکات، لە سایەی ئیدارە و ئاڵۆزییەکانی سلێمانیدا خەریکە ئیسلامی سیاسی بە گڕوتینی تازە دێنەوە گۆڕەپانەکە، کە پێش هەر حیزبێک دەبێ یەکێتی خێڵی حەمە و داگیرکردنی بەشێک لە سنووری زۆنی سەوزی لەبیر بێت لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، ئەوەی واش دەکات کوردستان سەقامگیر و پێشکەوتوو و خۆشگوزەران بێت، تەبایی نێوان پارتی و یەکێتییە.

Back to top button