کۆتایی بە خوێندنی ئەمساڵ لە عێراق هێنرا
وەزارەتی پەروەردەی عێراق كۆتایی بە پرۆسەی خوێندنی پۆلە ناكۆتاكان هێنا و بڕیاریدا نمرەی وەرزی یەكەمیان بۆ هەژمار بكرێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، دەستەیەك لە وەزارەت بە سەرۆكایەتی عەلی حەمید، وەزیری پەروەردە كۆبۆتەوە و بڕیاری لەبارەی خوێندنی ئەمساڵ داوە و بڕیارەكە هەموو پارێزگاكانی عێراق و پارێزگای كەركووك دەگرێتەوە و تایبەتە بە پۆلە ناكۆتاكانی خوێندن.
بۆ پۆلە ناكۆتاكانی قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی، پیشەیی و پەیمانگاكانی هونەرە جوانەكان، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە كۆتایی بە پرۆسەی خوێندنی 2019- 2020 بهێنێت و نمرەی نیوەی ساڵ یان كۆرسی یەكەم بۆ دەرچوون یان مانەوەی خوێندكاران هەژمار بكات.