ڕاگەیاندراوی ژمارە (85) ی  وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

لە راگەیاندراوی ژمارە 85 ی خۆیدا وەزارەتی تەندروستی حوکمەتی هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە 24 کاتژمێری ڕابردوو ئاشکرای دەکات 10 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە کە 9 کەسیان لە پاریزگای سلێمانین .

 

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم:

 

راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (85)ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی

 

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، رێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:

 

کەرەنتین

تاوەکو ئەمڕۆ (11111) هاووڵاتی “ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان” کەرەنتین کراون، لەئێستادا تەنها (1057) هاووڵاتی لە (32) شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ (504) لە هەولێر، (160) لە سلێمانی، (392) لە دهۆك، (1) لە راپەرین. و (10054) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو کردنی ماوەی 14 رۆژ و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین، لەگەڵ کەرەنتینکردنی ژمارەیەکی دیكه‌ی هاووڵاتییان لە 24 کاتژمێری رابردوودا کە کۆی گشتیان (63) هاووڵاتی بوو.

 

پشکنین

لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا؛ (801) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (349) هەولێر، (240) سلێمانی، (207) دهۆك، (5) سۆران، دەرەنجام (10) تووشبووی نوێ تۆمار کران بەم شێوەیەی خوارەوە:

 

پارێزگای سلێمانی (9) پۆزەتیڤ: (4) ئافرەت تەمەنیان (53)، (52)، (29)، (24) ساڵ و (4) پیاو تەمەنیان (53)، (36)، (34)، (30) ساڵ و کچێكی گەنجی تەمەن (15) ساڵ هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین، 8 لەوان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون و یەکێکیان تووشبووی نوێیە و نیشانەکانی نەخۆشی هەیە.

 

پارێزگای هەولێر (1) پۆزەتیڤ: پیاوێکی تەمەن (44) ساڵ و نیشانەکانی نەخۆشی هەبووە و دانیشتووی گەڕەکی قەتەوی شاری هەولێرە.

 

(کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ ئەنجام دراون (62272) پشکنین بووە)

 

ئاماری گشتی

کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (424) تووشبوو، لەنێویاندا (5) مردن هەیە و (383) نەخۆش چاکبووەتەوە، وە ئێستا تەنها (36) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

 

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و دانانی ماسك و دەستکێش، و لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (122).

 

وەزارەتی تەندروستی

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

19 ئایار 2020

 

Back to top button