وەزارەتی پەروەردە هەر قوتابخانە یان پەیمانگایەکی نا حکومی پابەند نەبێت بە بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی خوێندن رێگەی پێنادرێت سالێکی دیکە قوتابی وەربگرێت

بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-5-2020)ـدا دەڵێ هەموو سەرپێچییەکان تۆماردەکرێن، پاشان رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا چوار ژمارەی مۆبایل بڵاوکراونەتەوە بۆ ئەوەی لەرێگەیانەوە سکاڵا تۆماربکرێن، لەحاڵەتی بوونی سەرپێچی لەلایەن قوتابخانە یان پەیمانگە ناحکومییەکانەوە.

هەروەها راشیدەگەیێنێت سەبارەت بە: کرێی خوێندن، داشکاندن، کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستایانیان و پارەی خۆراک و گواستنەوەی قوتابییان و دەڵێ، هەر قوتابخانەیەک یان پەیمانگەیەکی ناحکومی پابەند نەبێت، رێگەی پێنادرێت ساڵی داهاتوو قوتابی وەربگرێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:

بۆ گشت قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان
بابەت ـ داشکاندنی کرێی خوێندن

پاش فەرمانی وەزاریی ژمارە ٦۱ لە رێکەوتی ۱۱ـی ٥ـی ۲۰۲۰ ، بە گرنگی دەزانین ئاگادارتان بکەینەوە پابەندبن بەم خاڵانە، بەپێچەوانەوە هەر قوتابخانە و پەیمانگەیەک سەرپێچی بکات، جیا لە سزای دارایی، ڕێگەی پێنادرێت بۆ ساڵی خوێندنی ئاییندە قوتابی وەربگرێت:

۱ـ داشکاندنی ۱۰٪ پەیوەندی نییە بەوەی نرخی خوێندنتان چۆن ڕاگەیاندووە لە سەرەتای ساڵەوە، کێبرکێی نرخ، یان هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی خۆتان وای کردبێت نرخی ئەمساڵتان لە ساڵی رابردوو جیاواز بێت یان کەمتر بێت، ئەوە ناگەیەنێت ئەم داشکاندنە نەکەن.

۲ـ نابێت بە هیچ خانەوادەیەک بگوترێت منداڵی یەکەم شمولی داشکاندن دەکات و منداڵەکانی دیکەت شمول ناکەن، چونکە ئەمە پەیوەندی بە داشکاندنەوە نییە، ئۆفەری ساڵانەی خۆتانە و ناچێتە خانەی داشکاندنەوە.

۳ـ بەهیچ جۆرێک نابێت داوا لە مامۆستایانی ناحکومی بکرێت لەپای داشکاندنی نرخی خوێندن، هەمان رێژە لە مووچەکانیان ببڕدرێت، فەرمانی وەزاری روونە کە دەبێت مووچەی مامۆستایان وەک خۆی بدرێت.

٤ـ پارەی خواردن و گواستنەوە بۆ سێ مانگی ئاماژەپێکراو بە ڕوونی باسی لێوەکراوە، پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگەکان و بەڕێوبەرایەتیی خوێندنی ناحکومی لە وەزارەت هەموو سەرپێچییەکان تۆماردەکات پاشان رێکاری پێویستی لەبارەوە دەگیرێتەبەر، هەر بەڕێزێکیش رووبەڕووی ئەوە بووەوە مافی خۆی پێنەدرێت، دەتوانێت نامە بنێرێت بۆ ئەم ژمارانەی ڤایبەر و واتس ئاپ، کە ژووری ئەلیکترۆنی سکاڵای وەزارەتی پەروەردەییە.

07505103232
07505106262
07505106363
07505106464

بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان ـ وەزارەتی پەروەردە

Back to top button