تۆپەكە لە گۆڕەپانی بارزانییە

رێبوار كەریم وەلی
 
سەركەوتنە دیپلۆماسییەكانی بارزانی (ناڵێم كوردستان) بەردەوامن، تەریب لەگەڵ ئەوەشدا، شەڕی داعش و دژایەتیی خشوونەتی مەزهەبی و نەتەوەیی، بارزانیی وەك سیمبۆلێكی ئاشتی و پێكەوەژیان لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە وەك ژەنراڵێكی سەركەوتوو نیشانی دنیا داوە. بە دڵنیاییەوە، بارزانی و جێگرەكەی تەنیا سەركردەی ئەو هەموو هاوپەیمانێتییە جۆراوجۆرانەی دژی تیرۆرن كە خۆیان لە مەیدانی جەنگدا حزووریان هەیە و لە پشت مێزەوە فەرمان دەرناكەن یان بۆ دەركەوتنی مێدیایی بەرەكانی جەنگ بەسەر ناكەنەوە. بۆیە دنیا بە چاوی رێزەوە لێیان دەڕوانێ. بەڵام هەموو ئەوانە دەبێ بەرهەمێكی هەبێ و، بەرهەمەكەش بریتی نییە لەوەی كە كورد لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە خەڵات بكرێت، بگرە تێگەیشتنە لەوەی كە كاتی هاویشتنی هەنگاوە مێژووییەكەیە.
 
بە حوكمی ئەوەی كە ژیانی سیاسیی كوردستان، پێش مومارەسەی هەبوونی دەوڵەت، بە قۆناغێكی دیفاكتۆ لە حوكمڕانیدا تێپەڕیوە و تێدەپەڕێ، پێداگیری لەسەر ئیجماعی سیاسی و هاوڕایی هەموو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لە هەمبەر سەربەخۆیی، شتێكی مەحاڵە. هەر خودی ئەم دابەشبوونەی ئێستا لە كوردستان هەیە، بەرهەمی دیدگای جیاوازە سەبارەت بە ئایندەی كوردستان لەڕووی سیاسییەوە، بەڵام لەناخی هەموو كوردێكدا، ئەو هەستە هەیە كە دەبێ كوردستان سەربەخۆ بێت. تەنیا شتێك كە ئەمڕۆ دەتوانێ ناوماڵی كورد رێكبخاتەوە، راگەیاندنی سەربەخۆییە، چونكە مەسەلەی دەوڵەت لە دروشمی سیاسی و موزایەداتەوە دەبێ بە ئەمری واقیع و لەبەر رۆشنایی ئەو بارودۆخە تازەیەدا، دەكرێ جارێكی دیكە ژیانی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری رێكبخرێتەوە.
 
بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەر میللەتە و بەپێی بارودۆخی خۆی دەجوڵێتەوە، مێژووی هیچ میللەتێك بەوی دیكە ناچێت، بۆیە وەك چۆن حیزبەكانی كوردستان لە 1991 توانییان بڕیاری هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت بدەن و بەبەرچاوی دنیاوە شەڕی ناوەخۆ بكەن، 13 ساڵ هەڵبژاردن نەكەن، دوو ئیدارە دروست بكەن و..هتد، ئەمڕۆش دەتوانن بڕیاری سەربەخۆیی بدەن. بۆیە تۆپەكە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی بارزانییە و لە جیاتی خۆسەرقاڵكردن بە رێكخستنەوەی ژیانی سیاسی و ئەوەی كە چۆن پەرلەمان كارا دەكرێتەوە! پێویستە بڕیارە چارەنووسسازەكە بدات و كوردستان لەو دیفاكتۆیە رزگاری بێت.
 
هەڵگرتنی كێشەكان بۆ دوایی
(2)
پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تا ئەو كاتە گرنگە كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی سەبارەت بە چارەنووسی میللەتی كورد لە باشوور بەجێ گەیاندبێت و كوردستان بووبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ. خودی نیقاشی سیاسی و ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، بریتییە لەوەی كە چۆن رێگری لە بارزانی بكرێت نەتوانێ یەكلایەنە و بەو دەسەڵاتانەی ئێستا هەیەتی، ئەو بڕیارە مێژووییە بدات.
 
بەڵام هەر وەك خۆیشی رایگەیاندووە، ئەو لەپێناوی ئەو ئامانجەدا، لەسەر كورسیی دەسەڵات ماوەتەوە. بۆیە ئەمساڵ ساڵێكی یەكلاكەرەوەیە و دەبێ هەموو قوربانییەكانی یەك دوو ساڵی رابردوو، بەرهەمێكی هەبێ. خەڵكی كوردستان بەرگەی هەموو ئەو نەهامەتیانەیان گرتووە و لە ناخەوە چاوەڕوانی ئەوەن كە پاداشتێك وەرگرن. تەنانەت ئەوانەی گاڵتە بە دەوڵەتی سەربەخۆش دەكەن، ناتوانن ئەوە بشارنەوە كە ئەو بڕیارە دەبێتە دەرچەیەكی گەورەی مێژوویی بۆ میللەتی كورد.
 
رێكخستنەوەی ژیانی سیاسیی كوردستان دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی ئاسان دەبێ، چونكە فۆرمی سرووشتیی خۆی وەردەگرێت، وەكو هەموو ململانێ سیاسییەكانی دیكەی ناوخۆیی لە دنیادا. دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند دەبێ و كێ هەڵیدەبژێرێت یان چەند جێگری دەبێت؟ ئیتر ئەوانە لە داهاتوودا دەبن بە موناقەشاتێكی سیاسیی بەردەوام (بێ ئەوەی كاریگەرییان لەسەر چارەنووسی میللەتی كورد هەبێت) كە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دیكە دەگۆڕێت. بۆیە هیچكەس ناتوانێ گەرەنتیی ئەوە بدات كە دەستكاریكردن و داڕشتنی یاسایەك لە كوردستان دەتوانێ زامنی حوكمڕانییەكی تەندروست بێت بۆ نەوەكانی داهاتوو، بگرە دەربازكردنی كوردستان لەم قۆناغە و سپاردنی بە نەوەكانی داهاتوو گرنگە.
 
ناكردە پەشیمان!
(3)
هەموو حیزبەكانی كوردستان بەقسەش بێت (پەكەكەی لێدەرچێت) دەڵێن لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندان و بە مافێكی رەوای میللەتی كوردی دەزانن. بەڵام هەندێكیان دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە! ئەوانەی ئەو قسەیە دەكەن یان هیچ لە مێژووی میللەتانی دنیا نازانن، یان ئەوەتا باوەڕیان بە سەربەخۆیی نییە. ئەگەرنا ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ لەبەردەم كوردستانی باشوورە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
 
هەموو دنیا بەچاوی دەوڵەتێكی سەربەخۆی پڕ لە تەناهی سەیرمان دەكات و بەشانوباڵی ئازایەتیماندا هەڵدەدات، كەچی لە ناوخۆدا، باوەڕمان وایە كە دەبێ هێشتا بوەستین. ئەگەر بە قسەی ئەم نەكردە پەشیمانانە بووایە، قەت ئەوەی ئێستاش هەیە نەدەبوو. بۆیە ئێستا نەك هەر كاتی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە، بگرە وا خەریكە ئەو ئامانجە گەورەیەی كە ئێستا هەموو دنیا چاوەڕوانیەتی، دەكرێتە قوربانیی سەودایەكی سیاسیی هەرزانبەها، كە ئاخۆ فڵان حزب لەو سۆنگەیەوە چی لە حوكمڕانی چنگ دەكەوێ و ئەوی دیكەیان چی لەدەست دەدات!
 
راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانی باشوور، كلیلی چارەسەری كێشە لەمێژینەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەرهاوێشتەكانیشی لە كورتماوەدا بۆ هەموو دنیا دەردەكەوێت. كەس توانای پێشگرتن بەو ئامانجەی نییە و ئەو وڵاتانەشی كە دژایەتیی دەكەن، جگە لە بلۆفی سیاسی هیچی دیكەیان لەدەست نایەت.
Back to top button