چین ئامادەکاریی بۆ راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەکات
سبەی هەینی سێ هەزار ئەندامی ئەنجومەنی گەلی چین کۆدەبنەوە، بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی ساڵانەی خۆیان، چاوەڕوان دەكرێت لەو کۆنگرەیەدا چین بە ئامادەبونی سەرۆکی وڵات سەرکەوتنی خۆی بە کۆتایهێنان بە پەتای کۆڤید-19 رابگەیەنێت.
کۆبونەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی چین لە بنکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە پەکینی پایتەخت بەڕێوەدەچێت، بەپێی وتەی شارەزایانی سیاسی و تەندروستی کۆبونەوەکە هەلێک دەبێت بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا لەلایەن شی جین پینگ، سەرۆکی چینەوە.
کۆبونەوەی ساڵانەی پەرلەمانی چین دەبوایە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ئەنجامبدرایە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرا بۆ مانگی ئایار، هەمو ساڵێک دانیشتنەکانی ساڵانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی دو هەفتە بەردەوام دەبێت، بەڵام بڕیارە ئەمساڵ کۆبونەوەکە تەنها بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوامی هەبێت.